هەرێم نیوز
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ لیستی ناوی وانەبێژانی 2023-2024 ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کرا.
توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ لیستی ناوی وانەبێژانی 2023-2024، ناوی ئەو مامۆستا وانەبێژانەش کە لە ساڵەکانی 2014 تاوەکو 2023 وانەبێژ بوون بە لیستێکی جیا رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە، بۆ ئەوەی بەگرێبەستکردنیان پەسند بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو وانەبێژانەی پێش ساڵی 2023-2024 بە هەر هۆکارێک بێت وازیان لە وانەبێژی هێناوە، ژمارەیان نزیکەی 2000 کەسە.
لەلایەکی دیکەوە، ئاریا ئەحمەد، نوێنەری پێشووی مامۆستایانی وانەبێژی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، ئێمە وەکو ئەو وانەبێژانەی کە پێش ساڵی 2023-2024 وازمان لە وانەبێژی هێناوە، کە وازهێنانیشمان بە ویستی خۆمان نەبووە، یان بە ناچاری لەبەر بژێوی ژیان بووە یانی کەسی دیکە لە شوێنمان دانراوە.
ئاشکراشیکرد، لەنێو ئەو وانەبێژانەدا هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆراش هەیە و لە بە گرێبەستبوون بێبەش بوون، لە کاتێکدا زانکۆ و پەیمانگاکان پێویستیان پێمانە، بۆیە هیوادارین ئەنجوومەنی وەزیران لە یادمان نەکات.