دواین هەواڵ

کوردستان‌

 23/09/2024

وەزارەتی شارەوانی: دانانی پۆستەری هەڵبژاردن بە بزمار و سیکۆتین لەسەر دیواری شوێنە گشتییەکان قەدەغەیە

هەرێم نیوز 

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا چەند رێنماییەک بۆ حیزب و بەربژێرە سەربەخۆکان بڵاوکردەوە، کە پابەندیان دەکات بە جێبەجێکردنیان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان.

ڕێنماییەکان بە نووسراوی ژمارە 949 بەناوی (ڕێنمایی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن) نێردراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی لە هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی شارەوانی دەڵێت، رێنوێنییەکان "لەپێناو پاراستنی شوێنی گشتی و راگرتنی پاكوخاوێنی و تێكنەدانی سیمای شارەكانە."

ڕێنماییەلانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئەمانەن:

- رێگە نادرێت وێنە و پۆستەری حیزب و بەربژێرانی لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیوار، ستوون و بەربەستە گشتییەكان بە بزمار و لەزگە و سیكۆتین هەڵبواسرێن.

- رێگە نادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی، دوورگەی ناوەندی و نێو پاركە گشتییەكان بە هەر جۆرە كەرەستەیەك.

- رێگە نادرێت بە بەكارهێنانی قوم، لم، چیمەنتۆ و بلۆك بۆ راگرتنی تابلۆ و كەرەستەكانی دیکەی بانگەشە.

- رێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەرەكان لەسەر هێمای هاتووچۆ و تابلۆ رێنیشاندەرەكان، یان هەڵواسین لە شوێنی سووڕانەوەكانی ئۆتۆمبێل، كە ببێتە هۆی دروستبوونی رووداوی هاتووچۆ.

- رێگە نادرێت شوێنەوار و شوێنە كولتوورییەكان بۆ هیچ جۆرە بانگەشەیەك و هەڵواسینێك بە هیچ جۆرە مادەیەك بەكاربهێندرێن.

- رێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەری بەربژێرانی حیزب و لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیوار و شورای فەرمانگەكانی حكومەت و شوێنە گشتییەكان وەك مزگەوت، نەخۆشخانە، زانكۆ، قوتابخانە... هتد.

- هەر شارەوانییەك بەپێی تایبەتمەندیی دەڤەری خۆی، سەرەڕای ئەو خاڵانە، دەتوانێت رێكاری تایبەت بە خۆی بۆ بەرژەوەندیی موڵكی گشتی و پاراستنی پاكوخاوێنیی شار دەربكات.

- لە دوای تەواوبوونی بانگەشە، هەر بەربژێرێك بەرپرسیارە لە لێكردنەوەی وێنە و تابلۆكان و پاككردنەوەی شوێنەكە.

- ئەگەر بەربژێرێك پابەند نەبێت بە رێنماییەكان، ئەوە پۆستەر و بانگەشەكەی لەلایەن تیمەكانی شارەوانی لادەبرێت و كاردانەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بڕیارە 20ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. تاوەکو ئەمڕۆش بە فەرمی رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری نەکراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP