دواین هەواڵ

کوردستان‌

 22/09/2024

شاندی هەرێم و بەغداد کۆبونەوەی گرنگیان دەبێت

هەرێم نیوز

بڕیارە  شاندێکی عێراق سەردانی هەولێر و سبەینێش شاندێکی هەرێم سەردانی بەغدا بکات بۆ پرسەی مووچەی فەرمانبەران.

بە گوێرەی زانیاریەکان،ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق سەردانی هەولێر دەکات، ئامانجی هاتنی شاندەکە، تاوتوێکردنی ڕێکارەکانی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پرسی مووچەی هەردوو مانگی هەشت و نۆیە.

هاوکات بڕیارە سبەینێ شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئۆمێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان و چارەکردنی یەکجارەکیی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆران؛ سەردانی بەغدا بکات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، کە ئەمڕۆ بەغداد بڕی 572 ملیار دیناری خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ تەواوکاری مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشت.

هاوکات وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند؛ بڕی 91 ملیار و 151 ملیۆن و 784 هه‌زار دینار وەک پشکی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی5ی ساڵی 2024، خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP