دواین هەواڵ

جیهان‌

 21/09/2024

ئەردۆغان: داوامان كردووە بەشار ئەسەد ببینين و چاوەڕوانی وەڵامی دیمەشقین

هەرێم نیوز 

رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، داوامان كردووە بەشار ئەسەد ببینين و چاوەڕوانی وەڵامی دیمەشقین، دەشڵێت، "ئامادەین بۆ ئەو دیدارەو ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان". 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا بەر لە بەڕێکەوتنی بۆ نیویۆرک بۆ بەشداریکردن لە کۆبونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆنگرەیەکی لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە وتارەكەمدا جەخت لە پێویستی كۆتایهێنان بە پشێوییەكانی سوریا دەكەمەوە، گرنگترین هۆكارەكانی نا سەقامگیریش لەوێ‌ گروپە تیرۆرستیەكانن.

وتیشی، ئاماژە بەو هەنگاوانە دەكەم كە دەكرێت سوریاو توركیا پێكەوە بیگرنەبەر، بۆ كۆتایهێنان بە پشێوییەكان و، زامنكردنی ئاشتی و سەقامگیری لەسەرانسەری خاكی سوریا.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ماوەیەكە پێكدادان لەنێوان رژێمی سوریاو ئۆپۆزسیۆن بەدیناكەین، ئەوە پرسێكە زەمینەی گونجاو خۆشدەكات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی هەمیشەیی.

باسی لەوەش کردووە، ملیۆنەها هاوڵاتی سوری لە دەرەوە چاوەڕێی گەڕانەوەن بۆ وڵاتەكەیان.

ئەردۆغان وتیشی، چاوەڕوانی وەڵامی دیمەشقین لەبارەی ئەنجامدانی دیدارێك لەگەڵ سەرۆكی سوریا سوریا، لەچوارچێوەی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان.

ئەوەشی خستەڕوو، خواستی خۆمان پیشانداوە بۆ دیداری بەشار ئەسەد، لەپێناو ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی سوریاو توركیاو چاوەڕوانی وەڵامی لایەنی بەرامبەرین.

دەشڵێت،ئێمە ئامادەین بۆ ئەو دیدارە، بەوپێیەی دوو دەوڵەتی خاوەن دوو گەلی مسوڵمانین، دەمانەوێت ئەو یەكڕیزی و هاوكارییە بەزووترین كات بەدیبێت.

سەرۆک کۆماری تورکیا وتیشی، پێموایە، دەكرێت قۆناغێكی نوێ‌ لەپەوەیندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات بێتەدی، لە ئەنجامی دیدارێكی لەوشێوەیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP