دواین هەواڵ

کوردستان‌

 21/09/2024

مەسرور بارزانی:ئامانجمان ئەوەیە كە كۆمەڵگەکەمان لە بەكارهێنەر ببێتە كۆمەڵگەیەكی بەرهەمهێنەر

هەرێم نیوز

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا کارگەی سلیڤانا بۆ بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە زاخۆ، کردەوە و دواتر گوتارێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد. 

ئەمڕۆ شەممە، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، " بەرهەمی جووتیارانمان دەگاتە بازاڕی وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپایی" و "بەردەوام دەبین لە دۆزینەوە بازاڕی ناوخۆ و دەرەکی بۆ بەرهەمی جووتیارانمان". 

ئاماژەی بەوەشدا، كشتوكاڵ یەكێكە لە تەوەرە سەرەكییەكانی بەرنامەی ئێمە بۆ هەمەجۆركردنی ئابووریی كوردستان و ئەمڕۆ پێشكەوتنی كەرتی چاندن و پیشەسازیی خۆراك بە هەزاران دەرفەتی كاری بۆ گەنجان زیاد كردووە.

ده‌قی وتاره‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

بە ناوی خوای گەورە و دلۆڤان
ئامادەبوانی بەڕێز
زۆر كەیفخۆشم كە ئەمڕۆ پێكڕا لێرە كۆبوونەوە بۆ كردنەوەی پرۆژەیەكی دیكەی گرنگ لەم دەڤەرە كە ئەویش سایلۆی سلیڤانایە. ئەم سایلۆیە لە چوارچێوەی بەرنامەی حكوومەت بۆ بەبازاڕكردنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی كوردستان لەگەڵ كەرتی تایبەت بەپێی ستانداردی جیهانی دروست كراوە و من دەستخۆشیی لە كۆمپانیای (خۆشناو) دەكەم و هیوادارم لە چوارچێوەی پلانەكانی حكوومەت، خزمەتێكی باشتری جووتیارانی دەڤەرەكە بكەن و هەوڵ بدەن هەرچی زووە ئەم پرۆژەیە فراوانتر بكەن و كارگەی پەیوەندیدار بۆ بەرهەمەكانی گەنم دابمەزرێنن.

ئێمە هەوڵمان داوە گرنگییەكی تایبەت بە كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازیی خواردن بدەین، بۆیە ساڵی رابردوو لە هەموو دەڤەرەكانی كوردستان چ وەك حكوومەت و چ بە هاوكاریی كەرتی تایبەت، ئێمە چەندین سایلۆ و پرۆژەی چاندن و كشتوكاڵمان ئەنجام داوە.

ئێمە بە كردار دەستمان بە دۆزینەوەی بازاڕی ناوخۆیی و دەرەكی كردووە بۆ بەرهەمی جووتیارانی خۆشەویست و لەم ڕووەشەوە بەردەوام دەبین، ئەمڕۆ بەرهەمی جووتیارانمان دەگاتە بازاڕەكانی وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپی، زۆر گرنگە جووتیارانیشمان ئاستی كوالێتیی بەرهەمەكانیان بە بەرزی رابگرن و چاندن و كشتوكاڵی خۆیان بە ڕێگەی زانستی و تەكنەلۆژیای سەردەم پێش بخەن.

كشتوكاڵ یەكێكە لە تەوەرە سەرەكییەكانی بەرنامەی ئێمە بۆ هەمەجۆركردنی ئابووریی كوردستان و ئەمڕۆ پێشكەوتنی كەرتی چاندن و پیشەسازیی خۆراك بە هەزاران دەرفەتی كاری بۆ گەنجان زیاد كردووە.

ئامانجی ئێمەش ئەوەیە كە كۆمەڵگەی تەنیا بەكارهێنەر ببێتە كۆمەڵگەیەكی بەرهەمهێنەر، لەبەر ئەوە ئێمە بە هەموو جۆرێك لە پاڵپشتیی بەرهەمەكانی ناوخۆ بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی ئەو كارگە و پرۆژانە بەردەوام بن و بتوانن ركابەری و ململانێ لەگەڵ بەرهەمەكانی دەرەوەش بكەین.

جارێكی دیكە سوپاسی ئێوە دەكەم و هیوادارم ئەم كارگەیە بكەوێتە خزمەتی هەموو كوردستان و بە تایبەتیش خەڵكی دەڤەری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP