دواین هەواڵ

کوردستان‌

 20/09/2024

11 مامۆستای زانکۆی سلێمانی ناویان چووەتە ناو ڕیزبەندیی 2٪ی توێژەرانی جیهان

هەرێم نیوز

بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی زانکۆی ستانفۆرد کە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولی ٢٠٢٤دا بڵاوکراوەتەوە، ١١ مامۆستای زانکۆی سلێمانی لە ڕیزبەندیی ٢٪ی توێژەرانی جیهاندان لە بوارە زانستییەکانی خۆیاندا.

هەموو ساڵێک، زانکۆی ستانفۆرد، بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەی (Elsevier – ئێڵسڤییەر) و بەپشتبەستن بە داتابەیسی (Scopus – سکەوپەس)، کاریگەرترین (١٠٠،٠٠٠) توێژەری جیهان دەستنیشان دەکات و پۆلێنیان دەکات بەسەر ٢٢ بواری سەرەکی و ١٧٤ بواری لاوەکیی زانستیدا. دەستنیشانکردنی توێژەرەکانیش پشتبەستە بە (Composite Score)ی توێژینەوەکانیان، کە ئەویش لەسەر بنەمای ئەم پێوەرانەیە:
- کۆی ژمارەی ئاماژەپێدان بە توێژینەوەکان
- ژمارەی H-index
- ژمارەی Hm-index
- ژمارەی ئاماژەپێدانەکان بەو توێژینەوانەی توێژەرەکە بەتەنها نووسیویەتی
- ژمارەی ئاماژەپێدانەکان بەو توێژینەوانەی توێژەرەکە وەک نووسەری یەکەم ناوی هاتووە
- ژمارەی ئاماژەپێدانەکان بەو توێژینەوانەی توێژەرەکە وەک کۆتا نووسەر ناوی هاتووە

ئەم ڕیزبەندییەی زانکۆی ناوبراو هەڵسەنگاندن بۆ توێژینەوەی توێژەران لەماوەی یەک ساڵ و درێژایی ژیانی ئەکادیمیشییان دەکات. ژمارەی ئەو مامۆستایانەی زانکۆی سلێمانی کە پشت بە زانیارییەکانی یەک ساڵیان بەستراوە و چوونەتە ڕیزبەندییەکەی ئەمساڵەوە بریتییە لە (١١) مامۆستا، ئەوانەشی بە پشتبەستن بە درێژایی ژیانی ئەکادیمیشیان دەچنە ناو ڕیزبەندییەکەوە بریتییە لە (٣) مامۆستا، وەک لەم دوو وێنەیەی خوارەوەدا پیشاندراوە.

زانکۆی ستانفۆرد یەکێکە لە زانکۆ بەناوبانگەکانی ئەمەریکا و لە ساڵی (١٨٨٥)دا دامەزراوە.

داتابەیسی سکەوپەس یەکێکە لە بەناوبانگترین داتابەیسەکان، کە باشترین گۆڤارە زانستییەکانی تێدا تۆمار کراوە و ژمارەی ئاماژەپێدان بە توێژینەوەی توێژەران تۆمار دەکات.

ئێڵسڤییەر دامەزراوەیەکی بڵاوکردنەوەیە و خاوەندارێتی داتابەیسی سکەوپەس دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP