دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

هێڵی ئاسمانی عێراق: کێشەی گەڕاندنەوەی ئەو 2500 عومرەکارەی لە سعودیە گیریان خواردووە چارەسەر دەکرێت

هەرێم نیوز

وتەبێژی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق رایگەیاند، کێشەی گەڕاندنەوەی ئەو 2500 عومرەکارەی لە سعودیە گیریان خواردووە چارەسەر دەکرێت و لەسەر فەرمانی وەزیری گواستنەوە ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ گەڕاندنەوەیان زیاد دەکرێت. 

 ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی 9ی 2024، وەلید دلفی، وتەبێژی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیارە لە ئەمڕۆوە دەست بە گەڕاندنەوەی ئەو عومرەکارانە بکرێت و بەپێی ئەو بەرنامەیەی دایانناوە، "تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە سەرجەم ئەو عومرەکارانە بە ژمارەیەک کاروان دەگەڕێنرێنەوە."

ئاماژەی بەوەش کردووە، هێڵی ئاسمانیی عێراق لەو پێناوەدا ژمارەی گەشتەکانی بۆ سعودیە زیاد دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا گلەیی لە کۆمپانیاکانی حەج و عومرە کرد کە :"هەماهەنگی تەواویان لەگەڵدا ناکەن و بەهەموو جۆرێک عومرەکان دەنێرن."

بەپێی زانیارییەکان نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار زیان بەر عومرەکاران و کۆمپانیاکانی حەج و عومرەی کوردستان کەوتووە، بەشێوەیەک هەر عومرەکارێک تێچووی تکتی گەڕانەوەی بە فڕۆکە نزیکەی 250 دۆلارە، کە بە تێكڕا 625 هەزار دۆلار دەکات بۆ 2500 عومرەکارەکە.

زیانی کۆمپانیاکانی حەج و عومرەش بۆ هەر رۆژێک زیاتر مانەوە 100 دۆلارە، کۆی گشتیی زیانی کۆمپانیاکان تاوەکو ئێستا 250 هەزار دۆلار دەبێت، بەو پێیە کۆی زیانەکە نزیکەی 875 هەزار دۆلار دەبێت، لەگەڵ کاتی زیاتر زیانەکان زیاتر دەبێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ماوەی شەش رۆژە نزیکەی 2500 عومرەکاری هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی فڕۆکە و ستافی فڕۆکەوانیی بەردەستەوە، لە وڵاتی سعودیە گیریان خواردووە و سەرباری ئەوەی وادەی گەشتەکانیان تێپەڕیوە، بەڵام نەگەڕاونەتەوە.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP