هەرێم نیوز
وەزیری تەندروستی حوکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ژمارەت تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستاندا لە ژێر ستانداردی نێودەوڵەتییەوەیە و لە سەدا 40ی ئەوانەش کە چارەسەر دەکرێن، دانیشتووی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمن.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجە لە هەولێر، ڕایگەیاند: هەرێمی كوردستان ئێستا چەندین پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە پێنج ساڵی رابردوو كردووە و خۆشبەختانە تا ئێستا تووشبوانی تۆماركراو لە هەرێمی كوردستاندا لەژێر ستانداردە نێودەوڵەتییەكانە كە 0.15%یە، لە كاتێكدا لە جیهاندا 0.19%یە.
سامان برزنجی ئەوەشی خستەڕوو کە حکومەتی هەرێمی کوردستان توانییویەتی لە سەدا 90ـی سەرجەم چارەسەرییەکان لەسەنتەرەکان بەردەست بکات، هەروەها لەساڵی 2020 تا کۆتایی 2023، زیاتر لە 285 ملیار دیناری بۆ دەرمانی شێرپەنجە خەرج کردووە.
ئاماژەشیدا بەوەی تێچووی خەمڵێندراوی چارەسەر و نەشتەرگەری نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان، لە نێوان 180 هەزار دینار تا 200 هەزار دۆلاردایە.
بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی، لە هەر 100 هەزار كەسدا ساڵانە 190 تووشبوو تۆمار دەكرێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان 151 حاڵەتە، ئەمەش دەریدەخات كە هەرێمی كوردستان لەژێر ستانداردی نێودەوڵەتییە. ئەمەش دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان و پاڵپشتییەكانی خودی بەڕێز سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتە، بە تایبەتیش لە دەستكەوتەكانی پاڵپشت بە یاسای سندووقی كۆمەك بۆ تووشبوانی شێرپەنجەیە كە لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتدا پەیڕەو و ستراتیژی كاركردن بەرامبەر بە شێرپەنجە و ڕێنمایی نوێ دانرا.