هەرێم نیوز
پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، سێ تۆمەتبار بەناوی دەزگای خێرخوازییەوە چەندین هاوڵاتی پیر و بەساڵاچوو و کەم دەرامەتیان هەڵخەڵەتاندووە و پارەیەکی زۆریان لێ دزیبوون.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، سێ تۆمەتباری بە ناوەکانی (م. م. غ) و (م. ل. ع) و (ع. م. ق) دەستگیر کرد، کە چەندین هاووڵاتییان بە ناوی دەزگای خێرخوازییەوە هەڵخەڵەتاندبوو، تۆمەتباران دەچوونە ماڵی هاووڵاتیانی هەژار و کەمدەرامەت و پێیان دەگوتن کە دەزگایەکی خێرخوازی هاوکارییان دەکات و دەزگا خێرخوازییەکەش دەبەنە ماڵیان بەڵام ئایا چەند پارەیان هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دواتر فریویان دەدان و دەیانگوت بڕەپارەکە بشارنەوە با دەزگای خێرخوازی نەزانێت، بەڵام پاشان پارەکەیان لێ دەدزین و خۆیان دەشاردەوە.
تۆمەتباران کە چەندین هاووڵاتیی پیر و بەساڵداچوو و کەمدەرامەتیان هەڵخەڵەتاندبوو و پارەیەکی زۆریان لێ دزیبوون، لە ئێستادا بە بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددە (444) لە یاسای سزادان دەستگیر کراون و دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و دراونەتە دادگا.
ئاشکراشیکرد، تۆمەتبارانی ئاماژەپێکراو، کە خەڵکی دەرەوەی شاری هەولێرن، بەڵام بۆ ئەم کارە دەهاتنە هەولێر و بە چەندەها شێواز خۆیان گۆڕیوە و ناسنامەیان ساختە کردووە، بۆ ئەوەی نەناسرێنەوە، بەڵام خۆشبەختانە بە هۆی چاوکراوەیی پۆلیسەوە تواندرا لە کەمترین ماوەدا دەستگیر بکرێن.