دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 4 هەفتە

‎هەوڵە دبلۆماسییەکانى نێچیرڤان بارزانی و سەردانەکەى پزیشکیان بۆ هەرێمى کوردستان

هەرێم نیوز
دواى ئەوەى مەسعودى پزیشکیان لە مانگی پێشوودا دەستبەکاربوو، لەیەکەم دیداری سەرۆکى هەرێمى کوردستاندا داوەتى هەرێمى کوردستان کرا و لە هەمانکاتیشدا سەرۆکوەزیرانى عێراقیش محەمەد شیاع سودانیش بە هەمان شێوە بانگهێشتى عێراقى کردبوو، ئەویش هەر لەو دیدارەدا پەیمانى دابونێ یەکەمین وێستگەى سەردانەکانى عێراق دەبێت و لە راستیشدا بەڵێنەکەى بردە سەر ئەوەبوو رۆژی ۱۱ی ئەیلول گەیشتە بەغدا و چاوی بەبەرپرسە عێراقییەکان کەوت.

‎ سەرلەبەیانى رۆژی ۱۲ی ئەیلول هاتە هەولێر و لەوێ لەلایەن نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا وپاشان لەگەڵ سەرۆکوەزیران و بارزانیدا کۆبوونەوەیان کرد و پزیشکیان بەفەرمی بارزانى داوەتى تاران کرد، دواتر سەردانى سلێمانی کردو چەپکەگوڵێکى لەسەر مەزارى مام جەلال داناو پاشان هەرێمى کوردستانى بەجێهێشت.

‎وەک میدیا ئێرانیەکان لەکاتى سەردانەکانى نێچیرڤان بارزانیدا بۆ ئێران رایانگەیاندبوو، سەردانەکانى بەرهەمیان دەبێت و پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ئێران بەرەو پێشەوە دەچن، ئەوەشیان بەبەرهەمی کارە دبلۆماسییەکانى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لێکدابوویەوە، چاودێرانى سیاسیش باس لەوە دەکەن لە دواى سەردانەکانى نێچیرڤان بارزانییەوە بۆ تاران موشەکبارانەکانى ئێران و تۆمەتەکانى بوونى ئیسرائیل لە هەرێمى کوردستان بە تەواوەتى کەمیان کردووە تا ئاستى کۆتایی و سفر، بەگوێرەى گوتەکانى سەرۆککۆماری ئێران لە هەولێر، لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیانەوە گفتوگۆیان کردووە و "ئەو کێشانەی هەبوون بە تەواوی لەنێویان دەبەین".

‎سەرچاوە میدیاییەکانى کوردستان باس لەوە دەکەن هاتنی سەرۆککۆمارى ئێران بۆ هەرێمی کوردستان و باشبوونی پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان دەرخەری هێزی دیپلۆماسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە لە دروستکردنی پەیوەندی بەهێزی دراوسێیەتی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر.

‎میدیای ئێرانی بەسەرنجەوە باسیان لەوە کردووە پزیشکیان بەزمانی کوردی قسەی کردووە لە هەرێمی کوردستان و هەروەها سەرسامی خۆیان بۆ نێچیرڤان بارزانی دەربڕیوە کە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەفارسییەکی زۆر ڕەوان لەپاڵ پزیشکیان قسەی کردووە، ئەمەش ماناى ئەو دبلۆماسیەتە گرنگەیە کە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى دەرکی دەکات و بە زمانى دبلۆماسییانە رایگەیاند وەک چۆن ئێوە رێز لە زمانەکەمان دەگرن ئێمەش بەو ئەندازەیە رێز لە زمانەکەتان دەگرین، لەگەڵ ئەوەشدا لە پێشوازییەکەدا ئاڵاى کوردستانیش بەتەنیشت ئاڵاى عێراق و کۆماری ئیسلامى ئێرانیشەوە دانرابوو.

‎لە میانی سەردانەکەی بۆ تاران لە ئایاری 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتنامەی فەرمی پێشکەشی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێران کردووە، بەڵام مەرگ ڕێگەی پێنەدا ئەو سەردانە بکات، دواتر لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان وەک سەرۆککۆماری نوێ، نیچێرڤان بارزانی بانگهێشتنامەی پێشکەشی ناوبراو کردو ئەوەش دەرخەریی ئەو راستیەیە کە تواناى دبلۆماسییەتى سەرۆک بارزانى لە ناوچەکەدا چەندە بەهێزە.

‎هەر لە هەولێریشەوە پزیشکیان لە میدیای وڵاته‌كه‌ی، رایگه‌یاند، "سوپاسی میوانداری نێچیرڤان بارزانی ده‌كه‌م، پێكه‌وه‌ روانگه‌یه‌كی هاوبه‌شمان هه‌یه‌.‌

‎ لە بەیاننامەى سەۆکایەتى هەرێمیشدا هاتووە، هه‌رێمى كوردستان هه‌رگيز نابێته‌ سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئێران و وڵاتانى دراوسێ و به‌ ته‌واوى پابه‌ندى‌ ڕێككه‌وتنى ئه‌منيى عێراق و ئێرانه‌.

‎پێگەى فەرمی سەرۆکایەتى کۆماری ئێرانیش لە زارى پزیشکیانەو گوتویەتى بەهیچ شێوەیەک لە هەولێر هەست بە غەریبى ناکەم، هەست ناکەم لەنێو کۆمەڵگەیەکى نامۆدابم.








Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP