هەرێم نیوز
وتەبێژی کۆمسیۆنی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا ئەنجومەنی کۆمسیاران هیچ وادەیەکی بۆ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری نەکردوە، وتیشی، دوای پەسەندكردنی ناوی كاندیدەكان وادەكە دیاری دەكرێت.
ئەمڕۆ شەممە، جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، تا ئێستا ئەنجومەنی کۆمسیاران هیچ وادەیەکی بۆ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری نەکردوە، کۆمسیۆنیش هێشتا لە قۆناغی وردبینیکردنی زانیاری کاندیدەکاندایە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "دوای وردبینی ناوەکان، دەخرێنە بەردەم کۆمسیۆن بۆ پەسەندکردنی، لەگەڵ پەسەندکردنی ئەو كەسانەی كە مافی خۆکاندیدکردنی هەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دواتر وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی پڕوپاگەندە دیاری دەکرێت".
لەلایەكی دیكەوە حاكم عومەر ئەحمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، دوای پەسەندكردنی ناوی كاندیدەكان بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەكات و ئەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتو ناوی كاندیدەكان پەسەند دەكرێن.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەنێوان 20 بۆ 25ی ئەم مانگە وادەی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دەبێت و هەڵبژاردنەكە بەهیچ شێوەیەك دواناخرێت.