دواین هەواڵ

کوردستان‌

 13/09/2024

پزیشکیان کۆتایی بە سەردانەکەی هەرێمی کوردستان و عێراق هێنا و گەڕایەوە تاران

هەرێم نیوز

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق هێنا و بەرەو تاران گەڕایەوە.

ئاژانسى هەواڵى فەرمیى ئێران بڵاویکردەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە بەسرەوە بەرەو تاران بەڕێکەوت و کۆتایی بە سەردانەکەی هەرێمی کوردستان و عێراق هێنا، کە ماوەی سێ رۆژی خایاند.

سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران لە رۆژی 21ـی 9ی 2024 دەستیپێکرد و شاندێکی باڵا کە پێکهاتبوون لە بەرپرسانی سیاسی و ئابووریی ئێران یاوەرییان دەکرد، لە کاتی گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانەی بەغداد، لەلایەن محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا.

لە کۆبوونەوەی نێوان سوودانی و پزیشکیان، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی پێ کرابوو، "گفتوگۆ لەبارەی ژمارەیەک دۆسیە و بابەتی گرنگ و هاوبەش بە مەبەستی پەرەپێدانی هاوکاریی و هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات، کرا".

لە رۆژی دووەمی سەردانەکەی، مەسعود پزیکشیان، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێ کرا. پزیشکیان سەردانی هەولێر و سلێمانی کرد و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و سیاسیی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، لە ناویاندا مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان, و بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

کۆتا چالاکیی سەردانەکەی پزیشکیان سەردانکردنی مەزارگەکانی نەجەف و کەربەلابوون لە باشووری عێراق.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP