هەرێم نیوز
سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکاران ڕایدەگەیەنێت، لەناو کارگەکانی چیمەنتۆی ئامادەکراو زوڵمێکی گەورە لە کرێکاران دەکرێت و داوا لە وەزارەتى کاردەکات سەرپێچیکاران سزابدات.
عوسمان زیندانی، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا رایگەیاند: لەناو پرۆژەکانی چیمەنتۆی ئامادەکراو مەترسی و پێشێلکاری جدی بەرامبەر بە کرێکاران ئەنجامدەدرێت، ئەگەر کرێکارێک کێشەیەکی هەبێت و کێشەکەی بەرێت بۆ سەندیکا، لەلایەن خاوەن کارەکەیەوە دوردەخرێتەوە.
وتیشى: لە بەشێک لەو شوێن و کارگانەدا وەک کۆیلەی سەردەم مامەڵە لەگەڵ کرێکارەکان دەکەن و پابەندی رێنماییەکانی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی و سەندیکای کرێکاران نابن، بەپێی یاسای کار کاتژمێری کارکردن هەشت کاتژمێرە لە رۆژێکدا، بەڵام لەو کارگانەی چیمەنتۆی ئامادەکراو، کاتژمێری کارکردن دیاریکراو نییە و کاری زیادەیان پێدەکرێت و ئەوەش پێچەوانەی یاسایە.
داوا لە وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى دەکات، چارەسەریی گرفتی کرێکاران بکات، هاوکات داواکاری ئاڕاستەی وەزارەتی کار و ئیدارەی سلێمانی کرد لەماوەی ١٠ ڕۆژدا بەدواداچوونی تەواو بکەن و لێپرسینەوە بکەن لە سەرپێچیکاران، و مافی کرێکاران بگەڕێننەوە.