هەرێم نیوز
شەوی رابردوو وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان وردبینیی لە لیستی مامۆستایانی وانەبێژ تەواوکردووە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو بۆ دامەزراندنیان رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت.
کاروخ عەبدوڵا نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ رایگەیاند، لە ماوەی 18 رۆژدا وردبینی لە لیستی ناوی مامۆستایانی وانەبێژ تەواو بووە و رۆژی دوو شەممەش ناوەکان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێن و چاوەڕوان دەکرێت کۆتایی ھەفتە رێنمایی دەستکردن بە مامەڵەی دامەزراندن بە شێوەی گرێبەست دەربچێت.
دەشڵێت، ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ 38 ھەزار کەسە و موچەکانیان لە نێوان 400 بۆ 500 ھەزار دینارە و چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی نۆ یەکەم مووچە بەسەر مامۆستایانی گرێبەستدا دابەش بکرێت .
ئاماژەی بەوەشداوە، مامۆستایانی گرێبەست دوای تەواوکردنی رێکارەکانی گرێبەست بایۆمەتری دەکەن و لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە موچە وەردەگرن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی 25ی8ی2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان کرد و دوای گوێگرتنی لە خواست و داواکارییەکانیان، بڕیاری دا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکوومەت، سەرجەم وانەبێژان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت، بکرێنە گرێبەست.