هەرێم نیوز
بڕیارە رۆژی 16ی ئەم مانگە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان دەستپێبکات ، لەوبارەیەشەوە، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، هەموو پارت و هاوپەیمانییە سیاسییەکان و ئەو کاندیدانەی لەلایەن کۆمسیۆنەوە پەسەند دەکرێن و وردبینییەکانیان تەواو دەبن، ئەوە دەتوانن یەک ڕۆژ دوای تەواوبوونی کارەکان بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیان دەست پێ بکەن.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەگوێرەی ماددەی 2ـی کۆمسیۆن، هەموو پارت و هاوپەیمانییە سیاسییەکان و ئەو کاندیدانەی لەلایەن کۆمسیۆنەوە پەسەند کراون، دەتوانن یەک ڕۆژ دوای پەسەندکردنیان بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیان دەست پێ بکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، بانگەشەی هەڵبژاردن لە سنووری یاسا و ڕێکخستنە گشتییەکان ئازادە، هەر بەگوێرەی یاسا، کۆمسیۆن بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو شوێنانە دیاری دەکات کە بانگەشەی هەڵبژاردن و پۆستەر و ڕێکلامیان تێیدا قەدەغەیە، بەدرێژایی ماوەی بانگەشە.
ئەوەشی خستەڕوو، کاندید و لایەنە سیاسییەکان و هاوپەیمانییەکان دەبێت لە ماوەی (30) ڕۆژدا لە ڕۆژی دوای هەڵبژاردنەوە سەرجەم پۆستەرەکانی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن لاببەن، بە پێچەوانەوە پۆستەرەکان لادەبرێن و تێچووی لابردنی سەرپێچیەکانیش لەو بیمە دەگێردرێتەوە کە دایان ناوە.
لای خۆشیەوە، خالد عەباس بەرپرسی ئۆفیسی دهۆک لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق رایگەیاند، بانگەشەی هەڵبژاردنی بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 16ـی ئەیلوولی 2024 دەست پی دەکات تاوەکو 24 کاتژمێر پێش هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە بچێت کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرە، کە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.