هەرێم نیوز
سەرۆک کۆماری ئێران، گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ، لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران گەیشتە هەولێر، بڕیارە چەند كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدات و دواتریش هەر ئەمڕۆ سەردانی سلێمانی دەکات.
سەرەتا لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی لە مەسعود پزیشکیان کرا و دواتریش مەسروور بارزانی و پزیشکیان چاویان بەیەک کەوت.
لە ئێستاشدا کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆکایەتیی هەرێمی كوردستان و حکوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرکۆماری ئێران دەستی پێكردوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، سەرۆک کۆماری ئێران دوێنێ لە بەغدا بوو، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق 14 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان لەنێوان هەردوو وڵات واژۆکرد.
سەردانەکەی پزیشکیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان یەکەمین سەردانی ئەو سەرۆکەیە بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی خۆی لەوەتەی پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری وڵاتەکەی وەرگرتووە.