هەرێم نیوز
بارزانی، پەیامێكی بە بۆنەی ساڵوەگەڕی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت: "شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر، گەورەترین شۆڕشی سەرتاسەری و سیاسی و چەكداریی جەماوەری كوردستان بوو."
دەقی پەیامی بارزانی لە 63ـەمین ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوول:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر گەورەترین شۆڕشی سەرتاسەری و سیاسی و چەكداریی جەماوەری كوردستان بوو بۆ بەرگریكردن و چەسپاندنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان. شۆڕشی ئەیلوول ئیرادە و بڕوابەخۆبوونی بۆ مرۆڤی كورد گەڕاندەوە و بوو بە بنەمایەكی بەهێزی سیاسی و ڕێكخراوەیی و جەماوەری بۆ بەردەوامیی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان لەدژی ستەم و داگیركاری.
شۆڕشی ئەیلوول بە داستان و نەبەردییەكانییەوە و بە خۆڕاگریی سەركردایەتی و پێشمەرگە و جەماوەرەوە دۆزی ڕەوای گەلی كوردستانی چەندین هەنگاو بەرەو پێشەوە برد و بووە ئیلهامبەخشی خەبات و تێكۆشان بۆ قۆناغەكانی تری خەباتی گەلی كوردستان.
لە شەست و سێیەمین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین. هەروەها پێزانینم بۆ فیداكاری و ماندوونەناسیی هەموو ئەو پێشمەرگە و خەباتگێڕ و قارەمانانە هەیە كە شوێن پەنجەیان لەو شانازییە نیشتیمانییەدا دیارە. ئەو قارەمانانە مێژوویان بۆ گەلەكەیان تۆمار كردووە و ژیان و خەباتی هەركامەیان وانەی خەبات و خۆڕاگرییە.