دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11/09/2024

مەسرور بارزانی: بەها بەرزەکانی شۆڕشی ئەیلوول هەمیشە ئیلهامبەخشی کارکردنمانە

هەرێم نیوز

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بە بۆنەی ساڵوەگەڕی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت: "شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشێکی نیشتمانی و سەرتاسەری و هەمەلایەنی کوردستان بوو."

ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی9ی2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی 63ـەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی "شۆڕشی مەزنی ئەیلوول" پەیامێکی بڵاو کردەوە  و له‌ به‌شێكی په‌یامه‌كه‌یدا ڕایده‌گه‌ێنێت: شۆڕشێکی نیشتمانی و سەرتاسەری و هەمەلایەنی کوردستان بوو، بە سەرکردایەتیی ڕابەری نیشتمانیمان بارزانیی نەمر.

دەقی پەیامی  سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:
ئەمڕۆ شەست و سێ ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول تێدەپەڕێت، کە شۆڕشێکی نیشتمانی و سەرتاسەری و هەمەلایەنی کوردستان بوو، بە سەرکردایەتیی ڕابەری نیشتمانیمان بارزانیی نەمر.
یادکردنەوەی شۆڕشی ئەیلوول، یادکردنەوەی قۆناغێکی گەشی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستانە، لەپێناو مافە ڕەواکانی و کۆڵنەدانە لە داکۆکیکردن لە خاک و خەڵکی کوردستان.
بەها بەرزەکانی شۆڕشی ئەیلوول لە چەسپاندنی دادپەروەری و یەکڕیزی و یەکگرتوویی و وەستانەوە بەرانبەر ستەم و بێدادی، هەمیشە ئیلهامبەخشی کارکردنمانە، لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان و پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکانمان.
لە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولدا، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، یادی خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی هەموو پێشمەرگە و تێکۆشەرە بەشدارەکانی شۆڕش لە هەموو چین و توێژ و پێکهاتە جیاوازەکانی گەلی کوردستان دەکەینەوە.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و گشت شەهیدانی کوردستان.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
2024/9/11



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP