دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10/09/2024

پزیشکیان سبەی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

هەرێم نیوز
سەرۆکایەتی کۆماری ئێران ڕایگەیاند، سبەینێ سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی عیراق و ھەرێمی کوردستان دەکات و بڕیارە سێ رۆژ بمێنێتەوە. 

سەرۆکایەتی کۆماری ئێران لە راگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، پزیشکیان سێ رۆژ لە عیراق دەمێنێتەوە و سەردانی سلێمانی و ھەولێریش دەکات. 

لەلایەکی دیکەوە، بەپێی زانیارییەکانی، مەسعود پزیشکیان سەعات ھەشتی سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە دەگاتە بەغداد و لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراقەوە پێشوازی لێدەکرێت، دواتریش سەردانی سەرۆکایەتی کۆماری عیراق دەکات و لەلایەن د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراقەوە پێشوازی لێدەکرێت و کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی ئەنجام دەدەن.

هەروەها ، ھەردوو وەفدی باڵای عیراق و ئێران لە سەرۆکایەتی کۆماری عیراق کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەن و چەندین پرسی سیاسی و ئابوری و دیبلۆماسی تاوتوێ دەکرێن، دواتریش لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بە وەکالەت و چەندین بەرپرسی دیکە کۆدەبێتەوە و پاشان سەردانی کەربەلا و نەجەف دەکات.

لای خۆیەوە، نازم عومەر نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە تاران رایگەیاند، پزیشکیان لە سەردانەکەیدا لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای عیراق کۆدەبێتەوە و چەند بەڵگەنامەیەکی ھاوکاری لە نێوان ھەردوو وڵات ئیمزا دەکرێن.

سەردانی پزیشکیان بۆ عیراق درێژترین سەردانی سەرۆکێکی ئێرانە بۆ عیراق کە ماوەی سێ رۆژ دەمێنێتەوە. دوایین سەردانی لەو شێوەیە لە ١١/٣/٢٠١٩ ئەنجامدرا کاتێک حەسەن روحانی سەرۆکی ئەوکاتی ئێران سەردانی بەغداد و نەجەف و کەربەلای کرد



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP