هەرێم نیوز
دەستەى مافى مرۆڤ ڕایگەیاند، بێهزاد خوسرەوی پەنابەربووە لە شاری سلێمانی و دەرکەوتوە ئەو هاوڵاتیە خاوەن پێداویستی تایبەتە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، دوای بەدواداچونمان وەک دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و بەتایبەت نوسینگەی مافی مرۆڤ لە سلێمانی سەبارەت بەهەواڵی ڕادەستکردنی هاوڵاتیەکی پەنابەری کوردی خەڵکی ئێران بەناوی ( بێهزاد خوسرەوی) دانیشتوی شاری سلێمانی بەدەوڵەتی ئێران، دەرکەوتوە ئەو هاوڵاتیە خاوەن پێداویستی تایبەتەو پەنابەربوە لەشاری سلێمانی نیشتەجێبووە بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە لەوڵاتی خۆی هاتۆتە هەرێمی کوردستان.
ئاشکراشیکرد، دوای بانگکردن لەچەند ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن دەزگاکانی ئاسایشی سنوری شاری سلێمانی ڕەوانەی وڵاتی ئێران کراوەتەوە دوور لەهەر ڕێکارێکی ئیداری و یاسایی و بێ هەبونی هیچ بڕیارو ڕێکەوتنێک لەو بارەوە.
دەشڵێت، ناردنەوەی ئەو هاوڵاتیە بەوڵاتی خۆی پێچەوانەی بڕگەی دووەمی ماددەی (٢١) ی دەستوری عێڕاقی فیدڕاڵە کە دەڵێ (نابێ پەنابەری سیاسی ڕادەستی وڵاتی خۆی بکرێتەوە یان بگەڕێنرێتەوە بەزۆری بۆ ئەو وڵات و شوێنەی لێی ڕاکردوە ) هەروەها پێچەوانەی بنەماکانی مافی پەنابەرێتی و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە مامەڵەکردنە لەگەڵ پەنابەران.
دەستەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێک هەبێ بۆ گەڕانەوەی هەر پەنابەرێک بۆ وڵاتی خۆی لەنێوان وڵاتان پێویستە لەژێر چاودێری نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان بێت و بەئاگاداری لایەنی پەیوەندیداری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بێت وبەپێی یاسا کارپێکراوەکان مامەڵە لەگەڵ ئەم جورە کەیسانە بکرێن.
جەختی لەوەشکردەوە، ئێمە پێمان وایە پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان بێنە سەرخەت بۆ سۆراخ کردنی هەواڵی ئەو هاوڵاتیە و پاراستنی ژیانی لەوڵاتی خۆی. جەخت دەکەینەوە هەموو ئەو هاوڵاتیانەی وڵاتانیش کە ئێستا پەنابەرن لەهەرێمی کوردستان وەک میوان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ و ژیانیان پارێزراو بێت دوور لەیاساو ڕێکارەکان هیچ مامەڵەیەکی تریان لەگەڵ نەکرێ.