هەرێم نیوز
سەرۆکی یەکێتی کەمئەندامان ڕایگەیاند، “ئەمڕۆ لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووینەوە بۆ پێشکەشکردنی داواکاری هاوتاکردنی موچەکانمان”.
ئەمڕۆ دووشەممە 9-9-2024، سامان حسێن، سەرۆکی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: “سەردانی نوسینگەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان کردووە و لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەن کۆبوونەتەوە بە مەبەستی گەیاندنی داواکاری”.
ڕوونیشیکردەوە: “تەنیا یەک داواکاریان پێشکەش کردووە، داواکەیان ئەوە بووە لە دوای خانەنشینان بە مافێکی رەوای خۆیان دەزانن، موچەی کەمئەندامانی کوردستانیش هاوتای موچەی کەمئەندامانی عێراق بکرێت”.
جەختی لەوەشکردەوە: “نوێنەری سەرجەم فراکسیۆنەکان ئامادەییان دەربڕیوە بۆ گەیاندنی داواکەیان بە وەزیری کاری عێراق و دارایی تا لەگەڵیان دابنیشن و ئەو بابەتە یەکلایی بکەنەوە”.
ئاشکراشیکرد: “تا ئێستا کەمئەندام لە هەرێمی کوردستان 100 بۆ 150 هەزار دینار وەردەگرێت و هاوتا کردنی موچەکانمان مافێکی رەوای خۆمانە”.