دواین هەواڵ

ئابوری‌

 08/09/2024

وەزارەتی دارایی هەرێم: دەرئەنجامی کۆبوونەوەکان لە بەرژەوەندی موچەخۆرانی هەرێم دەبێت

هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، سبەی کۆبوونەوەکانی هەردوو ئەنجوومەنی ئابووری هەرێم و عێراق درێژەی دەبێت، دەرئەنجامەکانی لە بەرژەوەندی موچەخۆرانی هەرێمە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابوری و ئەنجومەنی ئابوری هەرێمی کوردستان کۆبونەوە.       

 لەدرێژەی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابوری لەهەرێمی کوردستان، ئێوارەی ڕۆژی یەک شەممە ( ٢٠٢٤/٩/٨ )  کۆبونەوەیەکی تایبەت بەچارەسەری کێشە ئابوری و داراییەکان لە نێوان هەردولا بەڕێوەچوو.        

 لەکۆبونەوەکە هەریەک لە بەڕێزان دکتۆر  فواد حسێن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابوری و تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی و عەمار سوبحی خەڵەف سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و ژمارەیەک لەڕاوێژکارو بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق و لەهەرێمی کوردستانیش هەریەک لە بەڕێزان ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆو ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری و دکتۆر دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان و دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و ژمارەیەک لە ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرە گشتییەکان ئامادەی بوون.        

 کۆبونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنی و بەرپرسیارانەدا بەڕێوەچوو، هەردولا هاوڕابوون لەسەر چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردولا بەتایبەت ئەو کێشانەی ڕەهەندی دارایی و و ئابورییان هەیە لە سەر بنەمای یاساو دەستوور.          

 لەکۆبونەوەکە پرسی بودجەو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و  کێشەکانی تایبەت بە گومرگ و خاڵەسنوریەکان و ڕێکارەکانی باج گفتوگۆیان لەبارەوە کراو هەردولا هاوڕابوون میکانیزمی هاوبەش بۆ چارەسەری کێشەکان بدۆزرێنەوە.        

 بڕیارە کۆبوەنەوەکان سبەی دووشەممە درێژەی هەبێت و چاوەڕوان دەکرێت دەرئەنجامەکانی لە بەرژەوەندی فەرمانبەران و مووچەخۆران و خانەنشیان بەگشتی و هەرێمی کوردستان بێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP