دواین هەواڵ

کوردستان‌

 08/09/2024

مەسرور بارزانی: تا 30 ساڵی دیکە کێشەی کەمئاوی لە هەولێر نامێنێت

هەرێم نیوز

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، هەندێک لایەن هەوڵیاندا کێشەی دەیان ساڵە و نەهامەتییەکانی خەڵک، بکەن بە کەرستەی بانگەشە و ململانێی سیاسی، كێشەی کەمئاوی بە چەند تانکەرێکی ئاو چارەسەر ناکرێت، بەڵکو پێویستە پڕۆژەیەکی وەکو ئەمە بخرێتە گەڕ کە ئاوی زێی گەورە بگەیەنێتە شاری هەولێر.

ئەمڕۆ یەكشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر دانا. 

پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر، بە گوژمەی 479 ملیۆن دۆلار لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێ بەجێ دەکرێت و بە ڕێژەی 100٪ـی کێشەی کەمئاوی لە سنووری پارێزگای هەولێر چارە دەکات. پرۆژەکە لە ماوەی 550 ڕۆژ و زووتریش، لەلایەن هێمن گرووپەوە جێبەجێ دەکرێت.

مەسرور بارزانی، له‌میانی وتارێكدا له‌ ڕێوڕه‌سمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر، رایگه‌یاند، "هەولێری پایتەخت چه‌ندین ساڵە لە وەرزی هاویندا کێشەی کەمئاوی هەیە، چەندین ساڵ بوو، بڕیار بو کۆمپانیایەکی بیانی، پڕۆژەی ئیفراز چوار جێبەجێ بکات، بەڵام تا ئێستا ئەو کۆمپانیایە نەیتوانیوە بەپێی گرێبەست هەنگاوی کردەیی بۆ دەستپێکردنی پرۆژەکە بنێت، بۆیە لەم دوو ساڵە دوای پەتای کۆرۆنا، وێڕای هەموو گرفت و کۆسپەکان و دۆخی سەختی ئابوری، دامودەزگا پەیوندیدارەکانم ڕاسپارد، بە زوترینکات ڕێگەچارەیەک بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە".

ده‌قی وتاره‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی هێژا، زۆر زۆر بەخێر بێن.

زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەین بۆ دانانی بەردی بناخەی یەكێك لە پێویستترین و گرنگترین پرۆژەكانی كوردستان. شاری هەولێری پایتەخت چەندەها ساڵە لە وەرزی هاویندا كێشەی كەمئاوی هەیە. چەندین ساڵە بڕیار بوو كە كۆمپانیایەكی بیانی پرۆژەی ئیفراز چوار جێبەجێ بكات، بەڵام تا ئێستا ئەو كۆمپانیایە نەیتوانیوە بەپێی گرێبەست، هەنگاوی كردەیی بۆ دەستپێكردنی پرۆژەكە بنێت. بۆیە لەم دوو ساڵە دوای پەتای كۆرۆنا و وێڕای هەموو گرفت و كۆسپەكان و دۆخی سەختی ئابووری، دامودەزگاكانی پەیوەندیدارم راسپارد كە لە زووترین كاتدا ڕێگەچارەیەك بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە. بۆیەش لە دوا هەنگاودا بڕیارم دا كە ئەم بابەتە چیتر دوانەكەوێت و داوام كرد ئەم پرۆژەیەی ئێستا وەك پرۆژەیەكی فریاگوزاریی خێرا بۆ چارەسەری كێشەی كەمئاویی پایتەخت دەست پێ بكات.

لە نزیكەوە ئاگاداری خەمی هاووڵاتیانی چەندین گەڕەكی هەولێر بووم كە گرفتی كەمئاوییان هەبوو. پارێزگا و شارەوانییەكان هەموو هەوڵێكیان دا تاكوو بە ڕێگەی جۆراوجۆر ئاو بۆ ئەم گەڕەكانە دابین بكەن. بەداخەوە هەندێك لایەن هەوڵیان دا كە كێشەی دەیان ساڵە و نەهامەتییەكانی خەڵك بكەن بە كەرەستەی بانگەشە و ململانێی سیاسی. كێشەی كەمئاوی بە چەند تەنكەرێكی ئاو چارەسەر ناكرێت، بەڵكوو پێویستە پرۆژەیەكی وەك ئەمە بخرێتە گەڕ كە ئاوی زێی گەورە بگەیەنێتە شاری هەولێر.

ئەم پرۆژەیە بە قەبارەیەك ئاو دەگەیەنێتە شاری هەولێر كە تا نزیكەی 30 ساڵی دیكە، هەولێر كێشەی كەمئاوی نامێنێت. داوام كردووە هاوتەریب لەگەڵ ئەم پرۆژەیە، تۆڕی ناوخۆیی ئاو لە گەڕەكەكانیش رێك بخرێتەوە، تاكوو بە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە، بتواندرێت ئاو بە هەموو گەڕەكەكانی هەولێر بگەیەندرێت.
هەروەها بڕیارم داوە پرۆژەیەكی دیكەی ئاو بۆ سنووری قوشتەپە و گوندەكانی دەوروبەری دەستپێبكرێت، كە ئاو لە زێی بچووك دەگەیەنێتە ئەو دەڤەرە. بە تەواوبوونی ئەو پرۆژانەش، بە سەدان بیری ئاو دادەخەین، ئەوەش دەبێتە هۆكارێك بۆ بووژانەوەی ئاوی ژێرزەوی. هەروەها داوام كردووە هەرچی زووترە كار لەسەر پرۆژەی ریسایكلی ئاو، واتە بەكارهێنانەوەی ئەو ئاوە بكرێت كە لە شاری هەولێر دەردەچێت، بەم جۆرەش هەم ڕێگە لە پیسبوونی ژینگە و ئاوی ژێرزەوی دەگرین، هەمیش ئەو ئاوە بۆ بواری پاك و سەوزایی بەكار دێتەوە.

ئێمە هەست بە كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا لەسەر دەڤەرەكەمان دەكەین، بۆیەش لەپێناو پاراستنی سامانی ئاو و ژینگەمان، دەستمان بە دروستكردنی چەندین بەنداو بە قەبارەی جیا كردووە و لەم هەنگاوانەش بەردەوام دەبین تاوەكوو بە گلدانەوەی ئاو، بتوانین پەرە بە كەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار بدەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەبێت پەرە بە كەلتوور و هۆشیاریی چۆنیەتیی بەكارهێنان و پاراستنی ئاو بدەین. بەداخەوە ڕێژەی بەكارهێنانی ئاو بۆ یەك تاكەكەس لە هەرێمی كوردستاندا زۆر لە ڕێژەی ستانداردی نێودەوڵەتی زیاترە. بۆیە دەبێت سیستەمی پەروەردە و ڕێكخراوەكانی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕۆڵی خۆیان لەم بوارەدا ببینن و خەڵكی رەچاوی ئەوە بكەن كە زیادەڕەوی لە بەكارهێنانی ئاودا نەكەن.

بەڕێزان ئەم پرۆژەیە بە سوپاسەوە لە لایەن كۆمپانیای باوەڕپێكراوی ناوخۆ واتا (هێمن گرووپ) جێبەجێ دەكرێت كە تا ئێستا كارەكانیان لە ڕووی خێرایی و كوالێتی جێگەی پەسەند بووە. تا ئێستا خۆم دووجار لەگەڵیان دانیشتووم و بەدواداچوونی دیزایین و چۆنیەتیی جێبەجێكردنی پرۆژەكەم كردووە و بەردەوامیش دەبم لە بەدواداچوونی كارەكانی ئەم پرۆژە گرنگە، لەو باوەڕەشدام كە لە كاتێكی گونجاودا ئەم پرۆژەیە دەخرێتە خزمەتی پایتەختی هەرێمی كوردستان.

ئێستاش كە لە ڕێگە دەهاتین، من ئەم هەموو ئامێرانەم بینی، دەزانم كە بە شێوەیەكی بێوێنە كۆمپانیای (هێمن گرووپ) دەستی داوەتە جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە، بۆ ئەوەی بە زووترین كات بتوانین كێشەی كەمئاویی هەولێر جێبەجێ بكەین و ئەو پرۆژەیە ئینشائەڵا لە ماوەیەكی كورتدا تەواو دەبێت و خەڵكی هەولێری خۆشەویست سوودمەند دەبن لە بەكارهێنانی ئاو و چیتر خەمی كەمئاوییان نابێت.

جارێكی دیكە سوپاسی هەموو ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست دەكەم، هەر سەلامەت و تەندروست بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.".

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP