هەرێم نیوز
دۆسیەی دەستگیركردنی كەسێكی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە سلێمانی و رادەستكردنەوەی بە دەسەڵاتدارانی ئێران، پرسیاری ئەوەی وروژاندووە، تاچەند پەیوەندی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یان سەردانەكەی مەسعود پزشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران، بۆ عێراق و هەرێمی كوردستانەوە هەیە.
رۆژنامەی (الشرق الاوسط) لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ماوەی چەند مانگێكە رێوشوێنی ئەمنیی لەنێوان بەغدادو تاران دەگیرێتەبەر، بەرامبەر حزبە ئۆپۆزسیۆنە كوردییەكانی ئێران، كە لە هەرێمی كوردستان و لەوێوە چالاكییە سیاسیەكانیان ئەنجامدەدەن.
حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لە بەیاننامەكدا ئاماژەی بەوەكردووە: یەكێك لە ئەندامەكانی دەستگیركراوەو رادەستی تاران كراوەتەوە، هاوكات رێكخراوێكی بواری مافی مرۆڤیش رایگەیاندووە: دەستگیركراوەكە ئەندامی حزبی دیموكراتەو لەسلێمانی دەستگیركراوەو، دوای ئەشكەنجەدانی رادەستی تاران كراوەتەوە.
بەڵام هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی دەڵێن: ئەو كەسەیان لەسەر خواستی خۆی گەڕاندووەتەوە بۆ ئێران، بەوپێیەی مۆڵەتی مانەوەی لە كوردستان كۆتایهاتووە.
سەرچاوە كوردییە ئاگادارەكان كە قسەیان بۆ (شەرقلەئەوست) كردووە، بەدوریان زانیوە هێزەكانی ئاسایش بەخواستی خۆی ئەو دەستگیركراوەیان رادەستی ئێران كردبێتەوە، بەوپێیەی هەزاران كوردی ئێران لە هەرێمی كوردستانن و، هیچ كەسێكیان تائێستا داوای لەوشێوەیەی پێشكەش نەكردووە بۆ گەڕانەوە.
هەندێك لەسەرچاوەكان دەڵێن، ئەو هەنگاوەی ئاسایشی سلێمانی ئەنجامیداوە، پەیوەستە بەخواستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی، كە خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئامادە دەكات و هەوڵی پتەوكردنی پەیوەندیەكانی دەدات لەگەڵ ئێران، بە ئومێدی ئەوەی پشتیوانی بكات.
هەندێكی ترشیان رادەستكردنەوەی ئەو كەسە دەبەستنەوە بە سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی سەرۆكی ئێران بۆ بەغدادو هەولێرو، ئەو رێككەوتنە ئەمنیانەی كە لەنێوان تاران و بەغدادا واژوكراوە.
لەلایەكی ترەوە، حزبی زەحمەتكێشانی ئێران (كۆمەڵە)، ئیدانەی بڕیاری گواستنەوەی چەكدارەكانی و چۆڵكردنی زۆرە ملێی بارەگاكانی كرد لە ناوچەی زڕگوێز لە باشوری سلێمانی و، گواستنەوەیان بۆ ناوچەی سورداش لە قەزای دوكان.