هەرێم نیوز
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر دادەنێت.
مەسرور بارزانی سهرۆكی حكوومهتی هەرێمی کوردستان، كاتژمێر 9:30ی خولهكی بهیانی ئەمڕۆ یهكشهممه، بەردی بناخەی گەورەترین پڕۆژەی ئاو بۆ شاری هەولێر دادەنێت، کە لە ماوەیەکی کەم و بەیەکجاریی کێشەی ئاوی خواردنەوەی هەولێر چارەسهر دەکات.
ههر لهو بارهوه پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگهیاند، ئەم پڕۆژەیە هیچ پەیوەندی بە پڕۆژەکانی ئیفراز نییە و لە زێی گەورەوە ئاو دەگەیێنرێتە هەولێر و لە ڕێگەی کۆمپانیایەکی خۆماڵی کارەکە جێبەجێ دەکرێت، وەک پڕۆژەیەکی خێرای فریاگوزاری و دوای تەواوبوونی، بڕی ئەو ئاوەی دەگاتە ناو هەولێر زیاترە لە هێندە و نیوی هەموو ئەو ئاوەی کە ئێستە بۆ خواردنەوەی هاونیشتمانیانی شارەکە دابین دەکرێت.
گوتیشی، سەرۆکوەزیران بیرۆکەی وایە حکوومەت پڕۆژەی ستراتیجی پەرە پێ بدات، نەک ئەو پڕۆژانەی چارەی کاتین.
پرۆژەکە بە گوژمەی 479 ملیۆن دۆلار لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێ بەجێ دەکرێت و بە ڕێژەی 100٪ـی کێشەی کەمئاوی لە سنووری پارێزگای هەولێر چارە دەکات. پرۆژەکە لە ماوەی 550 ڕۆژ و زووتریش، لەلایەن هێمن گرووپەوە جێبەجێ دەکرێت.
بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە کێشەی کەمئاوی لە شارەکە چارەسەر دەکرێت و دوای کەوتنەکاریشی پرۆژەکە لە 500 تاوەکو هەزار بیری ئاو لە سنووری هەولێر دادەخرێن، بەمەش ئاستی ئاوی ژێرزەوی بەرزدەبێتەوە.