دواین هەواڵ

کوردستان‌

 06/09/2024

یەکێتی بۆ مەلا بەختیار: جووڵاندنی ھێزی سەربازی بۆ وەرگرتنەوەی بارەگاکە ڕەتدەکەینەوە

هەرێم نیوز
مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕایگەیاند، ھەموو دەنگۆیەک سەبارەت بە جووڵاندنی ھێزی سەربازی بۆ وەرگرتنەوەی بارەگا لە مەلا بەختیار رەتدەکەینەوە.

دەقی ڕوونکردنەوەکەی ڕاگەیاندنی مەکتەبی سیاسی یەکێتی:

دەزگای چاودێر لەسەرەتای دامەزراندییەوە بە پاڵپشتیی دارایی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کارەکانی ئەنجامداوە و تاوەکو ئێستا بەردەوامبووە، بەوپێیەی بەڕێز مەلا بەختیاریش لەناو ریزەکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستاندا نەماوە و روونبووەوە کە بارەگای دامەزراوەکە رادەستناکرێت و نایەوێت لەژێر چەتری یەکێتیدا درێژە بە کارەکانی بدات، یەکێتی بە مافی رەوای خۆی دەزانێت بەشێوەیەکی ھێمنانە و دوور لە ھەموو جۆرە گرژییەک، ھەوڵی وەرگرتنەوەی بارەگای دەزگای چاودێر بدات کە خاوەندارێتیی زەوی و بارەگاکە دەگەڕێتەوە بۆ یەکێتی. 

ئەم ھەوڵەش نەک پەیوەندیی بە ئازادیی رادەربڕین و دژایەتیکردنی بیری ئازادەوە نییە، بەڵکو پاڵپشتیی ئازادیی کاری رۆژنامەوانی و فراوانکردنی سنوورەکانی دیموکراسی، ستراتیژی نەگۆڕی یەکێتی بووە و ھەرواش دەمێنێتەوە.

سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری کوردستانە و ناوەندی ئازادی ڕادەربڕین و چالاکی رۆشنبیرییە و ئەو شانازییەش بەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەوێ کەھەمیشە لەو سەنگەرەدا بووە. 

ئەم ھەوڵەی یەکێتیش درێژکراوەی ھەوڵەکانی حزبەکەیە بۆ رێکخستنەوەی دەزگاکانی و باشتر خزمەتکردنی کوردستان و خەڵکەکەی. ھەموو دەنگۆیەکیش سەبارەت بە جووڵاندنی ھێزی سەربازی بۆ وەرگرتنەوەی بارەگاکە رەتدەکەینەوە.

بەداخەوە میدیای باڵێکی دەستڕۆیشتووی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان وەک ھەمیشە ھەوڵی نەزۆکانە دەدەن بۆ بەلاڕێدابردنی راستییەکان و چەواشەکردنی خەڵکی کوردستان، بۆیە داوایان لێدەکەین ئەگەر ئەوان لە خەمی ئازادیی کاری رۆژانەمەوانی و بیروڕای ئازاددان، فەرموون چالاکوان و رۆژنامەنووسانی ناو زیندانە تاریکەکانی ھەولێر و بادینان ئازادبکەن. 

سلێمانی پێویستی بە فرمێسکی تیمساحیی ئێوە نییە، بەڵکو ئێوەن دەبێت وانەکانی ئازادی و دیموکراسی لە سلێمانیی سەربەرزەوە فێرببن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP