دواین هەواڵ

کوردستان‌

 06/09/2024

سەنتەری میترۆ بەتوندی ئیدانەی هەڵکوتانە سەر دەزگای چاودێر دەکات

هەرێم نیوز

دوای هەڵکوتانە سەر دەزگای چاودێری سەر بە مەلا بەختیار لەلایەن هێزێکی کۆماندۆی یەکێتییەوە، سەنتەری میترۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و بەتوندی ئیدانەی ئەم هەنگاوەی کردووە:

سەنتەری میترۆ بە توندی ئیدانەی هەڵكوتانە سەر ئۆفیسی سەرەكی تۆڕی ناوەندی چاودێر لەشاری سلێمانی دەكات، رایدەگەیەنین ئەم كردارە كاریگەری لەسەر ناوبانگی پایتەختی رۆشنبیری دەبێت و هەنگاوێكی چەوتی یەكلاكردنەوەی جیاوازیشە. 

شەوی رابردوو هێزێكی ئەمنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، دەستی گرت بەسەر ئۆفیسی سەرەكی تۆڕی ناوەندی چاودێر كە ڕادیۆی مەدەنیەت، بنكەو سایتی گەلاوێژ، سایتی چاودێر، سایتی روانگەو رەخنە، پلاتفۆرمی دابڕان، پڕۆژەی پەیكەرسازی چاودێر، گەلەری چاودێر، لە خۆ دەگرێت.

هاوكات ماڵپەڕی  (PUKMEDIA)  راگەیەندراوێكی دامەزراوە داراییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی بڵاوكردەوە، دەڵێت "بارەگای دامەزراوەی چاودێر كە موڵكی یەكێتییەو سەرجەم پێداویستییەكانی لەلایەن دامەزراوەی داراییەوە دابینكرابوو كە ئێستا لێپرسراوەكەی پەیوەندی بە یەكێتییەوە نەماوە، وەرگیراوەتە".

میترۆ لە دەرەوەی جیاوازیی هزری و حیزبی و سیاسییەكاندایە، بەڵام بە ئەركی خۆمانی دەزانین دژ بە هەموو هەوڵێكی دەمكوتكردن و داخستن و كۆتاییهێنان بە دەزگا مەدەنی و میدیایی و رۆشبیریی بوەستینەوە، چونكە وەك پرەنسیپ بڕوامان بە مافی جیاوازبوون و سەروەری یاسا و دوورخستنەوەی هێزە لە ململانێ سیاسی و حیزبی.

هەڵكوتانە سەر ئۆفیسی سەرەكی تۆڕی ناوەندی چاودێر لەشاری سلێمانی بە توندی ئیدانە دەكەین، كە كەسایەتی دیاری رۆشنگەری و سیاسی مەلا بەختیار، سەرپەرشتییان دەكات، ئەم كردارەش كاریگەری لەسەر ناوبانگی پایتەختی رۆشنبیری دەبێت وهەنگاوێكی چەوتی یەكلاكردنەوەی جیاوازیشە. 

ئەم هەڵوێستەی میترۆ بەرگریكردنە لەو ڕۆڵە گرنگەی چالاكی فیكری و فەرهەنگی ئەو دەزگایە دەیگێڕن، كە سروشتی چالاكی حزبی تێپەڕاندووە، بوونەتە دیاردەیەكی فەرهەنگی و فیكریی دیاری هەرێمی كوردستان.

خۆمان بەداكۆكیكاری مافی ئازادی ڕادەربڕین و فرەیی دەزانین، ئەمەش یەكێكە لە سیما كلتوریی و مێژووییەکانی شاری سلێمانی كە ناوێكی پرشنگداری كوردستانە، بەڵام شۆكهێنەرە پایتەختی رۆشنبیری بكەوێتە دۆخێك كە داخستنی دەزگایەكی ڕۆشنبیری مەدەنی بەزەبری هێزی سەربازی حزبێكی ئەندام لە Socialist International، ببێتە هەواڵ و مانشێتی سەرەكی كۆتایی هەفتە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP