هەرێم نیوز
بەگوێرەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەفتەی ڕابردوو هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی، بێهزاد خەسرەویی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی شاری سەقزیان دەست بەسەر كردوەودوای ئەشکەنجەی زۆر ڕادەستی کۆماری ئیسلامییان کردووەتەوە.
ڕێکخراوی هەنگاو ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی شاری سلێمانی، هەفتەی ڕابردوو چالاکێکی سیاسی کوردی خەڵکی سەقز، کە خاوەن پێداویستی تایبەت بووە، بە ناوی بێهزاد خەسرەوی کە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و هاوکات ئەندامی فەرمی کۆمیسیاریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە، دەستبەسەر و دوای ئەشکەنجەدان ڕادەستی ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانیان کردووە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانە کە لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، بە دەستی هەنگاو گەیشتووە، ڕۆژی یەکشەممە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە پەیوەندییان بە برای بێهزاد خەسرەوی کردووە و پێیان ڕاگەیاندووە کە براکەی لەو ناوەندە دەستبەسەرە.
لە لایەکی دیکەوە دایک و خوشکی بێهزاد خەسرەوی بە ناوەکانی حەدیقە حوسەینی و بێگەرد خەسرەوی لەلایەن ئاسایشی شاری سلێمانیەوە پێیان ڕاگەیەندراوە، کە بێهزاد وێنەی ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە بۆیە دەستبەسەرکراوە.
هەنگاو دەڵێت، ئاسایشی سلێمانی ئەم بنەماڵە کە نیشتەجێی شاری سلێمانین خستووەتە ژێر گوشار کە دەبێت لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا ناوچەی سلێمانی بەجێبهێڵن.
شایانی باسە، ڕادەستکردنەوەی ئەم چالاکە سیاسییە بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە حاڵێکدا هیچ وڵاتێک مافی نییە ئەندامی فەرمی کۆمیسیاریان باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وڵاتێک بنێرێتەوە کە لی هەڵهاتووە.