هەرێم نیوز
پارێزگارى هەولێر رایگەیاند:"هه‌فته‌ی داهاتوو هاوکارى سەرۆکى حکومەت، دەدرێت بە زیانلێکەوتووانی بازاڕی قه‌یسه‌ریی، زیانلێکەوتووانی بازاڕەكانی لەنگە و شێخەڵاش، هاوکارى دەکرێن".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024.9.5، دواى دووه‌م جار سەردانى مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هەرێمى كوردستان بۆ بازاڕی قه‌یسه‌ری و گفتوگۆی له‌گه‌ڵ كاسبكارانی بازاڕه‌كه، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، له دیوانى پارێزگا، لە كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ڕایگەیاند: " لەسەر فەرمانی جەنابى مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، به‌پێی قه‌باره‌ی زیانه‌كانیان هاوکارى زیانلێکەوتووانی بازاڕی قه‌یسه‌ریی هه‌ولێر ده‌كرێت، كه له (2 ملیۆن دینار)ه‌وه ده‌ست پێده‌كات تاكو (20 ملیۆن دینار)".
پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ لەگەڵ کاسبکارانى قەیسەرى دڵمان خۆشە، وەک هەموو لایەک ئاگادارە لە 5ی ئایار کارەساتێک بەسەر شارەکەماندا هات، ئەویش سوتاندنى قەیسەرى بوو کە روحى شاری هەولێرە و زەرە و زیانێکى زۆرى هەبوو، كاتی سووتانه‌كه، جه‌نابى سه‌رۆكوه‌زیران سه‌ردانی بازاڕه‌كه‌ی كرد و دڵنیایی دایه كاسبكاران كه هه‌موو هه‌وڵێك ده‌درێت بۆ ئاشكراكردنی بكه‌رانی ئه‌و تاوانه".
وتیشی :"هه‌روه‌ها هاوكاری و پشتیوانیی كاسبكارانیش ده‌كرێت، سوپاس بۆ خودا تاوانباران ئێستا دەسگیرکران و ناسنامەیان ئاشکرایە، ئەمرۆش جارێكی تر سه‌رۆك وه‌زیران سه‌ردانی بازاڕی قه‌یسه‌ریی كرد و یه‌كه‌م پرسیاری ئه‌وه‌ی كرد تا ئێسته چی كراوه؟ ئێمه‌ش ڕوونكردنه‌وه‌مان پێدا، دووپات ده‌كاته‌وه په‌له له كاره‌كه بكرێت تا كاسبكاران بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر كاره‌كانیان".
پارێزگارى هەولێر لە بارەى هاوکاریکردنى زیانلێکەوتووانی بازاڕەکەش ئاشکراى کرد، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، لە هەفتەی داهاتوو دەست دەکرێت بە هاوکاریکردنى زیانلێكەوتووانی بازاڕی قەیسەری هەولێر، تەواوی دوكانەكان ئەوانەی لە ناو بازاڕی قەیسەری سوتابوون ( 227 ) دوكان بوون، هەریەكێك لەوان بەپێی قەبارەی زیان و سوتانی دوكانەكەیان هاوکارى دەكرێت".
ئاماژەی بەوەش کرد:" كەمترین رێژەی هاوکارییەکەش ( 2 ملیۆن دینار ) دەبێت و زۆرترین رێژەش ( 20 ملیۆن دینار )ە، واتە بەیەك رێژە هاوکارییەکە دیاریكراو نابێت، لە ( 2 ملیۆن دینار )ەوە دەست پێ دەكات تا ( 20 ملیۆن دینار )، رەنگە دوكاندارێك لە سوتانی بازاڕی قەیسەری بە یەك ملیۆن دینار زەرەرمەند بووبێت، بەڵام ئەویش هاوکارى( 2 ملیۆن دینار)ی بۆ خەرج دەكرێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی سەرجەم دوكانەكانی ناو بازاڕەكە لەسەر ئەركی حكومەتى هەرێمى کوردستان بەگوژمەى ( 5 ملیار و 300 ملیۆن دینار ) نۆژەن دەكرێتەوە.
گوتیشی: "سەرەڕای ئەوهاوکارییە، ئەو كاسبكارانەی بازاڕی قەیسەری كە دوكانەكانیان سوتاوە، ماوەی یەك ساڵ لە پارەی ئاو و كارەبا و تابلۆ و خاشاك دەبەخشرێن، هەروەها لە باجی 2023 بە رێژەی 50% دەبەخشرێن و لە باجی 2024 بە رێژەی 100% دەبەخشرێن".
ڕاشیگەیاند: "بەفەرمانی سەرۆكی حكومەتى هەرێمى کوردستان، دوكاندارانی بازاڕەكانی لەنگە و شێخەڵاش كە دوكانیان سوتابوو، ئەوانیش هاوکارییان پێ دەدرێت بە بڕی( 2 ملیۆن دینار )، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بۆ ماوەی ساڵێك لە باج و پارەی ئاو و كارەبا و تابلۆ و خاشاك دەبەخشرێن".