هەرێم نیوز
رێكخراوی هەنگاو رایگەیاند، لە چوار رۆژدا 17 هاووڵاتی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەستگیركراون
بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی هەنگاو، بە تەنها لە ماوەی چوار رۆژدا ١٧ هاووڵاتی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستگیركراون كە مێردمنداڵێكی ١٦ ساڵ لەنێویاندایە.
رێكخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بڵاویكردەوە، لە چوار رۆژی سەرەتای ئەم مانگەدا دە هاووڵاتی لە شارۆچكەی بڵواناوای سەر بە شاری دێوڵان و چوار هاووڵاتی كە یەكێكیان مێردمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵە لە مهاباد و سێ هاووڵاتی دیكە لە شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستگیركراون و بۆ شوێنی نادیار گوازراونەتەوە و چارەنووسیان نادیارە.
رێكخراوی هەنگاو هۆكاری دەستبەسەركردنی ئەو هاووڵاتیانە كوردانەی ئاشكرانەكردووە، بەڵام لە چوارچێوەی بەردەوامی هەڵمەتی دەستگیركردنی هاووڵاتیانی كوردە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران.