دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 02/08/2024

خامنەیی 22 جار نوێژی مردووی لەماوەی دەسەڵاتدارێتیدا خوێندووە

هەرێم نیوز

ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، بە ئامادەبوونی کەسایەتییە باڵاکانی سەربازی و سیاسیی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەرپرسانی چەند گرووپێکی میلیشیای غەیرە ئێرانی و کۆمەڵێک لە لایەنگرانی حکوومەت، لە زانکۆی تاران بەشداری کرد و بۆ ئیسماعیل هەنیە و پاسەوانەکەی نوێژی مردووی خوێند.

پێدەچێت ئەمە یەکەمجار بووبێت کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئەم ڕێوڕەسمە بۆ غەیرە ئێرانی و غەیرە شیعە بەڕێوە ببات.  ڕێوڕەسمێک کە بەشێکە لە ڕێوڕەسمی پرسە لە ئیسلامدا و بۆ داوای "لێخۆشبوون" لە کەسی مردوو ئەنجام دەدرێت.

لە سەردەمی ڕێبەرایەتی عەلی خامنەیی لە ئێران، ئەم ڕێوڕەسمە بووەتە شوێنێک بۆ نیشاندانی پێگەی شۆڕشگێڕانە و مەزهەبی کەسە مردووەکە لە پلەبەندی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا.

خامنەیی لە ماوەی سەرکردایەتییەکەیدا لانیکەم ٢٢ جار بە ئاشکرا دوعای بۆ مردووەکان کردووە.

ژمارەی ئەم نوێژانە لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.  لە سێ دەیەی یەکەمی سەرکردایەتییەکەیدا تەنها ٩ دوعای بۆ مردووەکان ئەنجامدابوو، بەڵام تەنها لە سێ ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ١٢ جار ئەم مەراسیمەی ئەنجامداوە.

یەکەمین نوێژی بەخاکسپاردنی لە کاتی سەرکردایەتییەکەیدا نوێژی مردووی بۆ ئەحمەد خومەینی کوڕی ڕوحوڵڵا خومەینی کردووە.

دوای ١٥ ساڵ ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بۆ جاری دووەم بە ئاشکرا نوێژی مردووی خوێند.  ئەمجارەش بۆ خزمێکی نزیکی ئایەتوڵڵا خومەینی، واتە خەدیجە سەقەفی، هاوسەری ڕێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی.

جگە لە خاتوو سەقەفی، عەلی خامنەیی بە ئاشکرا دوعای بۆ ژنێکی دیکە کردووە.  ئەم ڕێوڕەسمە بۆ عالیە ڕۆحانی، هاوسەری مورتەزا موتەهەری و خەزووری عەلی لاریجانی ئەنجامدا.

لە نێو ئەو کەسایەتییە ئایینیانەی کە ئایەتوڵڵا خامنەیی نوێژی مردووی بۆ خوێندووە، دەتوانین ئاماژە بە موجتەبی تارانی مامۆستای مەدرەسەکانی تاران، عەزیزوڵڵا خۆشوەقت، یەکێک لە لایەنگرانی سەرسەختی مەحموود ئەحمەدی نژاد و بووکەکەی، هەروەها محەمەد تەقی بکەین میسباح یەزدی، باوکی ڕۆحی "بەرەی سەقامگیری".

نوێژی مردوو لەلایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە هەندێک جار کاریگەری لاوەکی خۆی هەیە کە بنەمای دروستکردنی گومان و خوێندنەوە لای چاودێران دروست دەکات. وەک ئەوەی ئەم دیاردەیە لای خامنەیی مەبەست و مەفهومی دیاریکراوی لەپشتەوە هەبێت.

یەکێک لەو ڕووداوانە لە کاتی نوێژی مردوو ۆ ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی ڕوویدا.  کاتێک خامنەیی دێڕی "الله اننا لانعلم منە الا خیرا" بە واتای "ئێمە جگە لە چاکە هیچی ترمان لێ نەبینیوە" بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی ئێران نەخوێندەوە، وا لێکدرایەوە کە دەیەوێت ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بە ڕەفسەنجانی پیشان بدات.

بەڵام ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەنزای گیانلەدەستدانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبومەهدی موهەندیس ڕێبەری میلیشیاکانی حیزبوڵڵای کەتایب سێ جار ئەم نزایەی دووبارە کردەوە.

تەنها جارێک بە ئاشکرا لە کاتی دوعای بۆ مردوو گریاوە، ئەویش کاتی مردنی قاسم سولەیمانی بوو.

ئایەتوڵڵا خامنەیی چەندین جار بەشداری لە مەراسیمی پرسەی کارمەندانی نیزامی کردووە، بەڵام دوعای بۆ نەکردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP