دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

هاوشێوەی جەنگی جیهانیی دووەم؛ کارگەکانی جێنەراڵ مۆتۆرز دەکەونە خزمەت بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا

لە ئۆتۆمبێلسازییەوە بۆ جەنگی مووشەکی؛ چۆن کۆمپانیای "جێنەراڵ مۆتۆرز" هانای بۆ پڕکردنەوەی جبەخانەی پاتریۆت برد؟

 

لە هەنگاوێکی کەمهاوتادا کە یادەوەرییەکانی جەنگی جیهانیی دووەم دەهێنێتەوە ئاراوە، کۆمپانیای چەکسازیی "لۆکهید مارتن"ی ئەمریکی ڕایگەیاند کە یەکەم کاروانی پارچە و پێکهاتەی مووشەکی بەرگریی لە کۆمپانیای زەبەلاحی ئۆتۆمبێلسازیی "جێنەراڵ مۆتۆرز" (GM) وەرگرتووە.

 

ئەم هەنگاوە خێرایە دوای ئەوە هات کە بەکارهێنانی چڕی مووشەک لە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، کەمبوونەوەیەکی مەترسیداری لە جبەخانەی مووشەکی بەرگریی ئاسمانیی سوپای ئەمریکادا دروستکرد، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار هەواڵی کەمبوونەوەی ئەو تەقەمەنییانەی ڕەتکردبووەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی پشکنەری گشتیی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، سوپا ڕووبەڕووی تەنگژەی کەمیی یەدەگی ستراتیژی و ئاستەنگی پیشەسازی بووەتەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو مووشەکانەی بۆ بەرپەرچدانەوەی درۆن و مووشەکەکانی تاران تەقێنراون.

 

لەو چوارچێوەیەدا، کارگەکانی "جێنەراڵ مۆتۆرز" دەستیان کردووە بە بەرهەمهێنانی پێکهاتە کانزاییەکانی بەرگی دەرەوەی مووشەکی سیستەمی "PAC-3" کە بە "پاتریۆت" ناسراوە، و تەنیا لە ماوەی ٢٢ ڕۆژ لە واژۆکردنی گرێبەستەکە، یەکەم باری پێداویستییەکانیان ڕادەستی لۆکهید مارتن کردووە.

 

لە کاتێکدا ماری بارا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری جێنەراڵ مۆتۆرز پێشبینی دەکات داهاتی سەربازیی کۆمپانیاکەی لە ساڵی ٢٠٢٦دا بگاتە ٧٠٠ ملیۆن دۆلار، شارەزایان دەستپێکردنەوەی ئەم جۆرە بەرهەمهێنانە لە کەرتی مەدەنیدا بە بەڵگەیەکی ڕوون لەسەر قەبارەی گەورەی بەفیڕۆچوونی تەقەمەنییەکانی واشنتن لە جەنگی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەزانن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP