دواین هەواڵ

عێراق‌

 31/07/2024

سودانی سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی ئەمنی دەکات

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ چوارشەممە ٣١ی تەموزی ٢٠٢٤ محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەبارەی ڕووداوەکانی چەند کاتژمێری ڕابردوو، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی ئەمنی کرد کە تێیدا کۆمەڵێک ڕێنمایی و ڕاسپاردەی بۆ هێزە ئەمنی و سەربازییە تایبەتەکان دەرکرد.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە" ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کردووە کە ژمارەیەک سەرکردەی سەربازی و ئەمنی لە خۆ گرتبوو".

ئاماژە بەوەشکراوە، لە كۆبونەوەكەدا سەرجەم ئەو پێشهاتە ئەمنیانە خرانەڕوو کە لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا ڕوویاندا، هەروەها تاوتوێی داتا ئەمنییەکان و لێكەوتە چاوەڕوانکراوەكان لەبارەی ڕووداوەکانی عێراق و ناوچەکە کرا.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا سودانی کۆمەڵێک ڕێنمایی و ڕاسپاردەی ئاراستەی پێکهاتە ئەمنی و سەربازییە جیاوازەکان کردووە.

ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت، شەوی ڕابردوو لە ناوچەی جورف سەخری پارێزگای بابل چەند پێگەیەکی حەشدی شەعبی کرانە ئامانج و بەهۆیەوە چوار لە ئەندامەکانی کوژران و ژمارەیەک چەکداریش برینداربوون.

دوای ئەو ڕووداوەش بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسماعیل هەنیە سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شوێنی مانەوەیدا لەگەڵ پاسەوانە تایبەتەکەی بە موشەک کرانە ئامانج و كوژران. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP