دواین هەواڵ

عێراق‌

 18 کاتژمێر پێش ئێستا

بالیۆزی ئه‌مریكا لە عێراق: به‌شدارنه‌بوین له‌ هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران

هەرێم نیوز

باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق رایدەگەیەنێت، وڵاته‌كه‌ی به‌شدارنه‌بوه‌ له‌ هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران كه‌ له‌ 26ی ئه‌م مانگه‌دا ئه‌نجامدرا.

ئه‌لینا رۆمانۆوسكی باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌میانی پانێڵێكدا له‌ دیداری میری له‌ شاری هه‌ولێر، رایگه‌یاند، "له‌ماوه‌ی دوو ساڵ و شه‌ش مانگی رابردو كارمكردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانمان له‌گه‌ڵ عێراق به‌ره‌و پێشه‌وه‌ به‌رین و چوارچێوه‌یه‌كی هه‌ماهه‌نگی گشتیمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ عێراق و پێمانوایه‌ كه‌ زۆر به‌سوده‌ بۆ هه‌ردولامان، زۆر گرنگه‌ ئه‌وه‌ به‌ ئاشكرا بیڵێین، كێشه‌كانیش ئاڵۆزن و ده‌بێت حكومه‌تی عێراق و ناوچه‌كه‌ش مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌مریكا به‌شدارنه‌بوه‌ له‌ هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران و  عێراق وڵاتێكی خاوه‌ن سه‌روه‌رییه‌ و "ئێمه‌ كۆنتڕۆڵی ئاسمانی عێراقمان نه‌كردوه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك".

دەشڵێت، دوای ئه‌وه‌ی سودانی بوه‌ سه‌رۆك وه‌زیران، هه‌وڵمانداوه‌ كه‌ عێراق سه‌ربه‌خۆیی هه‌بێت له‌بواری وزه‌ و نه‌وت، هه‌وڵمانداوه‌ عێراق ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی به‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ری به‌كاریهبێنێت و گفتوگۆی باشمان هه‌بوه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ كۆمپانیای تۆتاڵی فڕه‌نسی گفتوگۆمان كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سود له‌ غازی عێراق وه‌ربگیردرێت و ژێرخانی وڵاته‌كه‌ به‌هێزبكرێت، هه‌روه‌ها كارده‌كه‌ین تۆڕی كاره‌بای عێراق باش بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی توشی بێكاره‌بایی نه‌بنه‌وه‌".

په‌یوه‌ست به‌و پارانه‌ی كه‌ له‌ بانكه‌كانی ئه‌مریكا دانراون له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌، وتی، "سزامان هه‌یه‌ كه‌ به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پێنراون و نامانه‌وێت هیچ كه‌سێك خۆیان له‌و سزایانه‌ به‌دوربگرن، نامانه‌وێت ئه‌و پارانه‌ بۆ ئێران به‌كاربهێنرێت".

له‌وه‌ڵامی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی كه‌  په‌نجه‌ره‌ی دۆلار بۆ مانگی 12ی ئه‌مساڵ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ بۆ عێراق داده‌خرێت، ئه‌لینا رۆمانۆوسكی وتی"چاكسازی له‌ كه‌رتی بانكی یه‌كێك بوه‌ له‌و پرسانه‌ی كه‌ كارمان له‌سه‌ر كردوه‌ و عێراق چانسی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ بچێته‌ سیستمی بانكی جیهانی و ببێته‌ وڵاتێكی چالاك له‌مباره‌یه‌وه‌، بانكه‌كان په‌یوه‌ندی به‌هێزیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ بانكه‌كانی دیكه‌ و ئه‌و بانكانه‌ پێویستیان به‌ خۆڕێكخستنه‌وه‌ هه‌بوو".

راشێگەیاند: "هه‌وڵ هه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی ئه‌منی له‌نێوان ئه‌مریكا و عێراق به‌هێزبكرێت و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان توانیویانه‌ پاشماوه‌كانی داعش سه‌ركوت بكه‌ن كه‌ یه‌كێك بوه‌ له‌ ئامانجه‌كانی ئێمه‌ و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، بۆیه‌ بڕیاری عێراق بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ په‌یوه‌ندیه‌كی دوقۆڵی، ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی ئه‌منییه‌ و جارێكی دیكه‌ له‌ناوبردنی داعشه‌ كه‌ هێشتا هه‌ڕه‌شه‌كانی ماون و ده‌بێت پێكه‌وه‌ كاربكه‌ین و بتوانین توانای هێزه‌كانی عێراق باش بكه‌ین"



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP