دواین هەواڵ

عێراق‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

حکومەتی عێراق سزای ئەو کەسانە دەدات کە لە کاتی نمایشە سەربازییەکاندا سووکایەتییان بە ئاڵای ئەمریکا کرد

هەرێم نیوز

وتەبێژی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی ڕاگەیاند کە لە میانی نمایشە سەربازییەکانی "ڕۆژی سەروەری" لە بەغدا، بێڕێزییان بە ئاڵای ئەمریکا کردبوو و پێپەستیان کردبوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی 10ـی 2026، سەباح نوعمان، وتەبێژی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق (واع) بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی عەلی فالح زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، دەزگا پەیوەندیدارەکان ئەو کەسانەیان دەستگیرکردووە کە تێوەگلاون لە شێلان و سووکایەتیکردن بە ئاڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغدا. 

ئەم ڕووداوە هاوکات بووە لەگەڵ مەراسیمی نمایشی هێزەکان لە میانی بەرنامە و ئاهەنگەکانی "ڕۆژی سەروەری"ـی عێراقدا.

لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەر کەسێک تێوەگلانی لەم کارەدا بسەلمێندرێت، ڕێکاری یاسایی پێویستی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و سزادەدرێت، ئەوەش بەپێی یاساکانی عێراق و نەریتە دیپلۆماسییەکان.

 سەباح نوعمان ئەوەشی خستەڕوو کە حکومەت دووپاتی دەکاتەوە ڕێزگرتن لە هێماکانی وڵاتانی دۆست و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانیان کە بە فەرمی لە عێراق کار دەکەن، پابەندبوونێکی یاسایی و دیپلۆماسییە، و هەر جۆرە پێشێلکاری یان بێڕێزییەک لەم بوارەدا ڕووبەڕووی لێپرسینەوە و سزای یاسایی دەبێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP