دواین هەواڵ

عێراق‌

 24 کاتژمێر پێش ئێستا

بەغدا و ئەنقەرە دوو لیژنەی هاوبەش بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان پێکدەهێنن

هەرێم نیوز

وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرای دەکات کە لە میانی سەردانەکەیدا بۆ تورکیا، گفتوگۆی لەسەر زیادکردنی توانای هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە کردووە، هاوکات دوو لیژنەی هاوبەشی تەکنیکیش بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی نەوتیی عێراق پێکهێنراون.

ئەمڕۆ شەممە، 3ـی 10ـی 2026، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق (واع) بڵاویکردەوە، باسم محەممەد خوزەیر عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ تورکیا لەگەڵ وەزیری وزەی ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە.

 لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر بەردەوامیدان بە داڕشتنی ڕەشنووسی ڕێککەوتنی نێوان عێراق و تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی جەیهانەوە و هەروەها بەشداریکردنی کۆمپانیا تورکییەکان لە پڕۆژەکانی نەوت و غازی عێراقدا کراوە.

وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە کە بەشداریکردنی کۆمپانیا تورکییەکان لە پڕۆژەکانی عێراقدا بۆ هەردوو حکومەت زۆر گرنگە، چونکە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی ڕاکێشانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی دیکەش بۆ وەبەرهێنان و پەرەپێدانی کەرتی نەوت و غاز لە وڵاتەکەدا.

 ئاماژەی بەوەش کردووە کە کۆبوونەوەکە زۆر بەرهەمدار بووە و بڕیاردراوە بە پێکهێنانی دوو لیژنەی تەکنیکیی هاوبەش؛ یەکێکیان تایبەتە بە وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییەکان و ئەوی دیکەیان بۆ پەرەپێدان و دروستکردنی ژێرخانی دامەزراوە نەوتییەکان تەرخان کراوە.

 لە کۆتاییشدا عەبادی هیوای خواستووە کە پرسی هاوبەشیی نێوان کۆمپانیاکانی هەردوو وڵات بە ئاسانی بەرەوپێش بچێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژییەکانی حکومەت و وەزارەتی نەوت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP