دواین هەواڵ

عێراق‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

هێڵی ئاسمانیی عێراق دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی بۆ سێ شاری ئێران ڕادەگەیەنێت

هەرێم نیوز

کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق بڕیاری دا لە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتووەوە، گەشتە ڕاستەوخۆ و ڕۆژانەکانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەفەوە بۆ هەریەک لە شارەکانی مەشهەد، تاران و ئەسفەهان لە ئێران دەست پێبکاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی 10ـی 2026، کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە لە 8ـی ئەم مانگەوە گەشتە ڕاستەوخۆکانی هێڵی نیشتمانی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەست پێدەکاتەوە. بەپێی پلانە نوێیەکە، گەشتەکان بە شێوەیەکی ڕۆژانە دەبن بە ئامانجی فەراهەمکردنی بژاردەی زیاتری گواستنەوەی ئاسمانی و ئاسانکاریی زیاتر بۆ هاتوچۆی گەشتیاران لە نێوان شارەکانی هەردوو وڵاتدا.

لە لێدوانێکیشدا، ئیدارەی هێڵی ئاسمانیی عێراق ڕوونیکردووەتەوە کە دەستپێکردنەوەی ئەم گەشتانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی گواستنەوەیە بۆ دووبارە کاراکردنەوەی جووڵەی ئاسمانی و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا.

پێشتر بەهۆی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆمپانیا ئێرانییەکان کە بووە هۆی پەکخستنی زۆربەی گەشتەکان، هاتوچۆی نێوان عێراق و ئێران ڕووبەڕووی کۆتوبەندی توند بووەوە (وەک ئەوەی چەند ڕۆژێک پێش ئێستا باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا باسی لێوە کرد). 

دەستپێکردنەوەی ئەم گەشتانە لە ڕێگەی هێڵی ئاسمانیی نیشتمانیی عێراقەوە، بەرهەمی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقە بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، کە توانیویەتی ئاسانکاری و جۆرێک لە لێخۆشبوون لە واشنتن وەربگرێت. بەمەش ڕێگە بە عێراق دەدرێت گەشتیارانی ئایینی (زیارەتکاران) و نەخۆشەکان لە نێوان هەردوو وڵاتدا بگوازێتەوە، بێ ئەوەی هێڵە ئاسمانییەکەی بکەوێتە بەر مەترسیی سزاکانی ئەمریکاوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP