هەرێم نیوز
دەستەی وزەی ئەتۆمیی عێراق ئاشکرای دەکات، بەغدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ستایش کراوە بەهۆی سەرکەوتنی لە پرۆسەی پاککردنەوەی پاشماوە تیشکدەرەکان و جێبەجێکردنی تەواوی پابەندییەکانی تایبەت بە چەکی کیمیایی، هاوکات داوای پاڵپشتیی دارایی زیاتر دەکات بۆ تەواوکردنی پرۆسەکە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی 10ـی 2026، دکتۆر ماجید شەنون، سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکاری پاککردنەوەی پیسبوونی تیشکدەر لە دەستەی وزەی ئەتۆمیی عێراق ڕایگەیاند، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) لە میانی سەردانەکەیدا بۆ عێراق، لە نزیکەوە کارە مەیدانییەکانی پەیوەست بە پاککردنەوەی ناوچە پیسبووەکانی بەسەرکردووەتەوە و بە فەرمی دەستخۆشی لە هەوڵەکانی عێراق کردووە کە توانیویەتی هەنگاوی کردەیی و کاریگەر بنێت.
سەرۆکی لیژنەکە ڕوونیشیکردەوە کە عێراق خاوەنی بەڵگەنامە و بڕیاری فەرمیی نێودەوڵەتییە کە سەلمێنەری جێبەجێکردنی ئەرکەکانیەتی، لەوانەش بەدەستهێنانی بڕوانامەی فەرمیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لاهای کە لە 12ـی ئازاری 2018 ڕادەستی عێراق کراوە و پشتڕاستی دەکاتەوە کە بەغدا سەرجەم پابەندییەکانی پەیوەست بە چەکی کیمیایی جێبەجێ کردووە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بڕیاری ژمارە 1957ـی خۆیدا، پابەندبوونی تەواوی عێراقی بە پەیماننامەکان چەسپاندووە. لەگەڵ ئەوەشدا، شەنون جەختی لەوە کردەوە کە بۆ درێژەپێدانی ئەم پڕۆژانە، عێراق پێویستی بە تەرخانکردنی بودجەی تایبەت و هاوکاریی بەردەوامی نێوان حکومەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان هەیە.
خاکی عێراق لە دوای جەنگەکانی ساڵی 1991 و 2003 ڕووبەڕووی پیسبوونی تیشکدەر و کیمیایی بووەوە، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر ژینگە و تەندروستیی گشتی دروستکردبوو.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، لیژنەکانی دەستەی وزەی ئەتۆمیی عێراق بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بەردەوام کاریان لەسەر بێمەترسیکردن و پاککردنەوەی ئەو کۆگا و بنکانە کردووە، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ژینگەیی و بەدەستهێنانەوەی متمانەی نێودەوڵەتی.