هەرێم نیوز
دەرچووانی بەشی پزیشکی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بۆ شەشەم جارە لە بەغدا خۆپیشاندان دەکەن، کە ئەمجارە هاتوونەتە بەردەم وەزارەتی دارایی عێراق و داوای دامەزرزاندن دەکەن، چونکە لە پرۆژە یاسایی ئەمساڵدا هیچ پلەیەکی دامەزراندن نەبووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی تەمموزی 2024، یەکێک لە خۆپیشاندەرانی بەردەم وەزارەتی دارایی لە بەغدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە دەرچووی بەشی پزیشکین و داوا دامەزراندن دەکەین، گوتیشی: ئێمە لە خۆپیشاندان بەردەوام دەبین تاوەکو دادەمەزرێنین، تاوەکو ئێستا بەرپرسێک نەهاتووەتە دەنگ و داخوازی ئێمە جێ بەجێ ناکەن.
یەکێکی دیکە لە خۆپیشاندەرانی دەڵێت: ئێمە داوا لە محەممەد شیاع سوودانی دەکەین داخوازییەکانمان جێ بەجێ بکات، دەشڵێت: کە ئێمە چووینە زانکۆ، یاسایەک هەبوو کە دەبێت بەناچاری ئێمە دابمەزرێنن، بەڵام تا ئێستا دانەمەزراوین، ئێمە پارەی زیاترمان داوە تاوەکو بخوێنین. هەروەها ئێمە 61 هەزار دەرچووین، بۆیە جارێکی دیکە داوا لەوەزیری دارایی و سەرۆک وەزیران دەکەین دامانمەزرێنن.
خۆپیشاندرێکی دیکە باسی لەوە کرد، دەبێت حکوومەتی عێراق دامەزراندنی ئێمە لە بودجە جێگیر بکات، چۆن ئەو یاسای گۆڕا، چونکە بەپێی ئەو یاساییەی هەبوو دامەزراندنی ئێمە ناچاری بوو.
لەلایەکی دیکەوە خانەشینانی پارێزگای زیقار لە خۆپیشاندانێکدا ڕێگەی سەرەکی نێوان قەزای فەجر و قەزای ڕەفاعییان داخست و داوایان لە پارێزگاری زیقار کرد بەگوێرەی ڕێکار و ڕێنماییەکانی سەرۆکوەزیران پارچە زەوییان بۆ تەرخان بکرێت و پێیان بدرێت.
هەر لە پارێزگای زیقار دەرچووانی زانکۆ لە بەردەم باڵەخانەی پارێزگا خۆپیشاندانیان کرد و داوای دامەزراندن دەکەن.