هەرێم نیوز
بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر رایدەگەیەنێت، تووشبون بەڤایرۆسی جگەر لەزیادبوندایەو لەشەش مانگی ئەمساڵیشدا زیاد لە 400 کەس توشی ئەو ڤایرۆسە بون".
د.دلۆڤان محەمەد بەڕێوهبەری گشتی تەندروستی هەولێر رایگەیاند:" ئامارەکان دڵخۆشکەرنینو لەشەش مانگی ئەمساڵدا، سەروو 400 کەس دەستنیشانکراون توشبوی ڤایرۆسەکەن، کەواتە بەردەوام توشبون بەڤایرۆسەکە هەیە، دەتوانرێت پێشگریشی لێبکرێت بەپێدانی ڤاکسین بۆ ئەو منداڵانەی کە لەدایکدەبن، لەهەرێمی کوردستان ئەو منداڵانەی لەدایکدەبن ڤاکسینیان بۆ دابینکراوە، هاوکات ئەوانەی کاردەکەن، پشکنینیان بۆ دەکرێت، ئەوانەشی کە توشی بون، چارەسەر وەردەگرن".
ئاماژەی بەوەشدا "ڤایرۆسی جگەر لەجۆری C و B لەنەخۆشیە قورسەکانن کە ئەگەر چارەسەر وەرنەگرێت دەبێتە یەک لەڤایرۆسە کوشندەکان، لەبەرئەوە ساڵانە زیاتر لە 300 هەزار پشکنین ئەنجامدەدرێت بۆ ئەوانەی نەشتەرگەریی یاخود قەستەرە دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیابین کە توشبوی ئەو ڤایرۆسە نین".
ئاشکراشی دەکات "پزیشکو کارمەندەکانی تەندروستی زیاتر دوچاری ئەو ڤایرۆسە دەبن، بەتایبەت ئەوانەی نەشتەرگەریی بۆ ئەو نەخۆشانە دەکەن کە دوچاری نەخۆشییەکە بونە، بۆیە دەبێت ئەوان ڤاکسین وەربگرن، یاخود ئەوانەی لەدەرەوەی هەرێمهوه دێن، پشکنینیان بۆ دەکرێت".
وتیشی: "ڤایرۆسی جۆری A و B و C لەکوردستان هەن، جۆری ئەی مەترسی نییەو پێویستی بەچارەسەر نییە، سێ پشکنینی ڤایرۆسیش دەکەن لەجۆری جگەری Bو Cو ئایدز، ئەگەر لەو پشکنینانە دەرکەوت، توشبوان چارەسەر وەردەگرن، بەئاستێکی زۆرباش توانراوە کۆنتڕۆڵی نەخۆشییەکە بکرێت بەتایبەت لەڕێگە نەدان بەهاتنە ژورەوەی ئەوانەی ئەوانەی هەڵگریی ڤایرۆسەکەن بۆ هەرێم، ئەوانەی لەناوخۆش هەڵگریی ڤایرۆسەکەن، چارەسەرییان پێدەدرێتو دەخرێنە ژێر چاودێریی"
"نەخۆشی ڤایرۆسی جگەر چیە و نیشانەکانی"
ئەم نەخۆشیە بۆیە بەمەترسیدار دادەنرێت، چونكە ئەگەر چارەسەر نەكرێت دەتوانێت ببێتە هۆی هەوكردنی درێژخایەن یاخود مرۆڤ توشی مەترسی گیان لەدەستدان بكات بەهۆی شیبوونەوەی جگەر یان توشبوونی بەشێرپەنجەی جگەر.
نیشانەكانی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر:
1- نیشانەكانی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر هەندێك كات دیاریكراو نیە، بەڵام هەندێك نیشانەی سەرەكی هەیە كەبریتین لە:
2- بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لەش و ئارەق كردنەوە.
3- بێ هێزی و كەمبوونەوەی توانای خواردن.
4- دڵ تێكەڵهاتن و ڕشانەوە.
5- ئازار لەبەشی سەروەی لای ڕاستی سك.
6- ئازاری ئێسك و ماسولكە.
7- ڕەنگی میز دەگۆرێت بۆ رەنگی تۆخ.
" ڕێگاكانی گواستنەوەی ڤایرۆسی جگەر:"
* گواستنەوەی لەدایكەوە بۆ كۆرپەلە لەكاتی لەدایكبوون یان لەماوەی دووگیانیدا.
* پەیوەندی نزیك لەگەڵ كەسی تووشبوو بەم ڤایرۆسە، چونكە ڤایرۆسەكە توانای گواستنەوەی هەیە.
* بەكارهێنانی دووبارەی دەرزی و ئامێرە پزیشكیە پیسبووەكان بەم ڤایرۆسە بەتایبەتی دەرزی.
* توشبوون بەئایدز و لاوازبوونی سیستمی بەرگری لەش.
بەهۆی داهێنانەكانی بواری پزیشكی لەئێستادا كوتان دژی ڤایرۆسی هەوكردنی جگەر هەیە و بەهۆی وەرگرتنی ڤاكسینەوە دەتوانرێت تاڕێژەی %95 ڕێگە لەم نەخۆشیە بگیرێت، بۆیە پێویستە ئەو كەسانەی مەترسی توشبوونیان لێدەكرێت ڤاكسین وەربگرن بەتایبەتی ئەوانەی لەناوەندە تەندروستیەكان كاردەكەن.