دکتۆرە نوخشە محمد ڕەفیق -پزیشکی پسپۆری نەشتەرگەری و نەخۆشیەکانی ئافرەتان و مناڵبوون و نەزۆکی و چاودێری دووگیانی
گۆڕانکاریی بەرچاو لە ھۆڕمۆنەکان ڕوودەدات لە کاتی سوڕی مانگانە و کاتی ھێلکەدانان و نزیکبوونەوە لە سوڕی مانگانە کە ئەمانە نیشانەی جیاواز دروست دەکەن ، ھەندێک نیشانە لەوانەیە ئاماژەبێت بۆ سەرەتای دووگیانی کە لە خانمێکەوە بۆ خانمێکی تر ئەگۆڕێت ھەروەھا توندی نیشانەکەش ئەگۆڕێت ، لێرەدا ئاماژە بە چەند نیشانەیەک دەکەین لەوانە :-
نەھاتنی سوڕی مانگانە : زۆر جار لە دەستدانی سوڕی مانگانە یەکەم نیشانەی دووگیانییە ، لە ھەنێک لە خانماندا لە دەوروبەری سوڕی مانگانەی چاوەڕوانکراو چەند پەڵەیەکی قاوەیی یان پەمەیی دەبێت کە نیشانەی سەرەتایی دووگیانییە .
ھێڵنجدان و ڕشانەوە : زیاتر لە نیوەی ژنانی دووگیان توشی دەبن وە ھەروەھا نەمانی ئارەزووی خواردن ، ھێڵنجدان و ڕشانەوە لە ھەندێک خانم تەنھا بەیانیانە و لە ھەندێکی تر بە درێژایی ڕۆژەکە بەردەوام دەبێت .
گۆڕانکاری لە مەمک : لە کاتی دووگیانی مەمکەکان پڕ دەبن و دەئاوسێن کە ئەمە زیاتر ھاوشێوەی ئەو گۆڕانکارییانەیە کە چەند ڕۆژێک پێش سوڕی مانگانە دروست دەبێت ، لە کاتی دووگیانیدا پێستی دەوری گۆی مەمک تاریکتر دەبێت و خوێنبەرەکانی ناو مەمک زیاتر دەرەکەون .
شەکەتی و ماندویی : ماندوویی زۆر لە سەرەتای دووگیانی باو و ئاساییە کە بە ھۆی زیادبوونی ھۆڕمۆنی پڕۆجیسترۆنەوەیە کە پێویستە بۆ پاراستنی دووگیانی ، ھەندێک جار لەوانەیە بە ھۆی کەمخوێنییەوە بێت ، خواردنی خۆراکی دەوڵەمەند بە مادەی ئاسن گرنگە بۆ خۆپاراستن یان وەرگرتنی چارەسەری پێویست لە ژێر چاودێری پزیشکی پسپۆری ژنان و مناڵبوون .
میزکردنی بەردەوام : دووگیانی دەبێتە ھۆی زیادبوونی شلەمەنی لەش و کارایی زیاتری گورچیلە ، ھەروەھا منداڵدانی ئاوساو فشار دەخاتە سەر میزڵدان لە ئەنجامدا زۆربەی خانمان لە چەند ھەفتەی یەکەمی دووگیانی زۆر میز دەکەن .
ئارەزووی خواردن : ئارەزووی ھەندێک خۆراک زۆر باوە لە کاتی دووگیانی بە تایبەت بۆ ئەو خۆراکانەی وزە و کالسیۆم دابین دەکەن ، ھەروەھا لە وانەیە ھەست بە بێزاری لەناکاو بکەیت بۆ ئەو خواردنانەی پێشتر ئارەزووت کردووە تەنانەت ھەندێک خانم ئارەزووی ھەندێک ماددەی ناخۆراکی دەکەن وەک خاک یان کاغەز کە ئەمە ئاماژەیە بۆ کەمی مادەی خۆراکی .
قەبزی و مایەسیری : قەبزی ئاماژەیە بۆ جوڵەی کەم و ڕەقی ڕیخۆڵە ، کێشەیەکی باوە لە کاتی دووگیانی بەھۆی خاوبوونەوەی جوڵەی گەدە و ڕیخۆڵە و ھۆڕمۆنەکان ، مایەسیری یان قڵیشی کۆم بە ھۆی پەستانی قەبزی دروست دەبێت بە زۆری نیشانەکان دوای لە دایک بوون چارەدەبن بەڵام ئەگەر خوێنبەربونی کۆم یان خوران و نارەحەتی دروست بوو پێویستە بە زوویی سەردانی پزیشک بکرێت .
بە گشتی ئەم نیشانانە ئاسایین و لە زۆربەی خانمان ڕوو دەدەن ، بەڵام چەند نیشانەیەکی تر ھەن کە مەترسیدارن و لە کاتی بوونی ئەم نیشانانە پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕی ژنان بکرێت ، نیشانەکان ئەمانەن :
١.خوێنبەربوونی زێ .
٢.ئازاری توندی گەدە.
٣.پلەی گەرمی بەرزی جەستە و ڕشانەوەی توند .
٤.کاڵبوونەوەی بینین .
٥.خورانی بەربڵاوی پێست .
٦.ئاوسانی دەموچاو یان قاچ و دەست .