هەرێم نیوز
دەستەی دەستپاکی عێراق گەندەڵییەکی گەورەی لە فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک ئاشکراکرد بەبەھای نزیکەی نیو ملیار دینار.
دەستەی دەستپاکی عێراق بڵاویکردەوە، توانیویانە گەندەڵییەکی گەورە لە چەند پسووڵەیەکی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک ئاشکرابکەن، کە بە بەھای 447 ملیۆن و 980 ھەزار دینار ژمارەیەک ئامێر و کەرستەی پزیشکی، لە کۆمپانیایەکی پزیشکی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی فەرمانگەکە کڕدراوە و ساختەکاری لە پسووڵەکانیاندا کراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ئامێر و کەرەستانە، کوالێتییان خراپە و لە ئاست ستاندار و پێداویستییەکانی فەرمانگەدا نین.
دەستەی دەستپاکی عێراق باسی لەوەشکردووە، ھەروەھا لە حەویجە ساختەکاریی لە پسوڵەی کڕینی کەرەستەی پزیشکی و تاقیگەیی کراوە و ژمارەکەی لە 7 ھەزار و 900 ئامێرەوە کراوە بە 79 ھەزار، ئەوەش بووەتە ھۆی زیان گەیاندن بە موڵک و ماڵی گشتی.
ڕاشیگەیاندووە، لەئێستادا تۆماری ڕاستەقینە و ئەو پسووڵانە پێشکەشی دادوەری لێکۆڵینەوەی کەرکوک کراوە، بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەریان.