دواین هەواڵ

کوردستان‌

 27/07/2024

پارتی: ته‌قه‌كردن له‌ لقی 3 پێشهاتێکی خراپە و پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد لە بابەتەکە بکرێت

هەرێم نیوز

دوای تەقەكردنەكەی شەوی رابردوو له‌ باره‌گای لقی سێی كه‌ركووك،مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان راگەیەندراوێكی  بۆ ڕای گشتیی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هاتووه‌، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، لە هەوڵێکی ترسنۆکانەدا، تەقە لە بارەگای لقی سێی پارتیمان لە کەرکووک کرا، کە دیارە ئامانجی تەقەکەرەکان گرتنی خاڵێکی پاسەوانی بارەگاکە بووە.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌،بە دیاریکراوی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر 1:50 دەقیقە لە دوو شوێنی جیاوازەوە بە  قەناسە و دەستڕێژ، تەقە لە بارەگاکەمان کراوە و پاسەوانەکانی بارەگای لق وەڵامیان داونەتەوە".

مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاشیگه‌یاندووه‌، ئامانجی تەقەکەرەکان گرتنی خاڵێکی پاسەوانی بارەگاکە بووە، کە یەکەمجار تەقە لەوێ کراوە و دواتر بێنە نێو لقەوە و کردەوەی تیرۆریستی بکەن، ڕووداوەکە هیچ زیانی گیانی نەبووە، بەڵام پێشهاتێکی خراپە و پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد لە بابەتەکە بکرێت.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌،  بۆیە بە توندی سەرکۆنەی ئەم هێرشە نەزۆکانە و ترسنۆکانەیە دەکەین، ئەگەر لە ژێر هەر ناو و پەردەیەکی شاراوەدا بێت، پێویستە دەستبەجێ تاوانباران دەستگیر بکرێن و ڕاپێچی دادگە بکرێن و بە سزایی یاسایی خۆیان بگەیەنن.

مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان راشیده‌گه‌ێنێت، بۆیە دڵنیایی دەدەینە جەماوەری خۆشەویست و سەربەرز و خۆراگری شاری کەرکووک، کە پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامە لەسەر هەڵوێست و سیاسەتی لەمێژینەی خۆی بۆ ئایندەی کەرکووک کە ئاشتی و تەبایی و سەقامگیرییە، تاگەیـشتن بەدوا ئامانـجەکانی گەلەکەمان و خزمەتی هاووڵاتیانی خۆشەویست و خاوەن هەڵوێستی ئەو شارە، ئەم جۆرە هەوڵانە لە خزمەتکردنی شاری کەرکووک و خەڵکە تێکۆشەرەکەی ساردمان ناکاتەوە.

له‌ كۆتاییدا مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌ێنێت، دەستخۆشی پێزانینی زۆرمان بۆ پاسەوانەکانی بارەگای لق، کە بەو پەڕی چاوکراوەیی و بوێرییەوە، بەرپەرچی ئەم هەوڵە شکستخواردووەیان دایەوە، سوپاس بۆ خوا هەڤاڵانمان سەلامەتن و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP