دواین هەواڵ

کوردستان‌

 27/07/2024

لقی سێی پارتی: هێرشەكە پێشهاتێکی خراپە و پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد بکرێت

هەرێم نیوز

لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی لەبارەی هێرشكردنەسەر لقەكەیان لە كەركووك بڵاوكردەوە و بە پێشهاتێكی خراپ ناوی دەبات و داوای لێكۆڵینەوە دەكات.

لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیانداوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: بەرەبەیانیی ئەمڕۆ کاتژمێر 1:50 دەقیقە، لە هێرشێکی ترسنۆکانەدا بارەگای لقی 3ی پارتیمان کرایە ئامانج، بەڵام ئاگایی و هوشیاری پاسەوانەکانی بارەگای لق ئەم هەوڵەی پووچەڵ کردەوە.

ئاماژە بەوەشدراوە، دیارە مەبەستی سەرەکیی هێرشەکە بە ئامانجگرتنی خاڵێکی بارەگای لقمان بووە، یەکەمجار تەقە لەوێ کراوە و مەبەستەکەش ئەوە بووە دواتر بێنە نێو لقەوە و کردەوەی تیرۆریستی بکەن" لە دوو شوێنی جیاوازەوە بە قەناسە و دەستڕێژ، تەقە لە بارەگاکەمان کراوە و بەڵام پاسەوانەکانی بارەگای لق وەڵامیان داونەتەوە".

لە راگەیاندراوەکەشدا هاتوە، ڕووداوەکە هیچ زیانی گیانی نەبووە، بەڵام پێشهاتێکی خراپە و پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد لە بابەتەکە بکرێت، لقی سێی پارتیمان، لەسەر سیاسەتی خۆی کە پێکەوەژیان و تەبایی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانە بەردەوامە، هەموو جۆرە هەوڵێکی لەم شێوەیەش جگە لە شکستخواردنی نەیاران و پووچەڵ بوونەوەی پیلانەکانیان، هیچ دەرەنجامێکی ئەوتۆی نابێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP