دواین هەواڵ

کوردستان‌

 26/07/2024

ئێران 10 چالاکوانی کوردی دەستگیرکرد

هەرێم نیوز

دوای مەراسیمی بەخاکسپاردنی ئیسماعیل کەریمی، ژینگەپارێزی خەڵکی کامێران، لانیکەم 10 چالاکوانی مەدەنی لەو شارە دەستگیرکراون.

ئیسماعیل کەریمی چالاکی ژینگەپارێز بوو، کە لە کاتی کوژاندنەوەی دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پاش چەند ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانیلەدەستدا.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئێران ڕۆژی چوارشەممە 24ی مانگی حەوت هەڵیانکوتاوەتە سەر ڕێستۆرانتێک لە سەر ڕێگای سنە - کامێران و لانیکەم 10 هاووڵاتییان تێدا بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەستبەسەر کردووە.

هێزەکانی حکومەت چەکیان لەو چالاکوانانە ڕاکێشاوە و بە سووکایەتی پێکردن و لێدان دەستگیریان کردوون و هەروەها دەستیان بەسەر مۆبایلی هەندێکی دیکەشدا گرتووە و داوایان لێکردوون بڕوەنە بارەگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە کامێران.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، ڕۆژی چوارشەممە بە ئامادەبوونی هەزاران کەس مەراسیمی بەخاکسپاردنی ئیسماعیل کەریمی، چالاکوانی ژینگەپارێزی خەڵکی کامێران بە دروشمی "شەهید نامرێت" بەڕێوەچوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP