دواین هەواڵ

عێراق‌

 24/07/2024

عێراق ده‌یه‌وێت ئه‌میره‌كانی داعش له‌ زیندانه‌كانی سوریا بهێنێته‌وه‌ بۆ ئاشكراكردنی گۆڕه‌ نهێنییه‌كان

هەرێم نیوز

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 24ی ته‌مموزی 2024، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار ئاشكرایكرد عێراق به‌ ئامانجی زانینی شوێنی گۆڕه‌ نهێنییه‌كان كه‌ هه‌زاران قوربانی له‌خۆگرتووه‌، ده‌ستیكردووه‌ به‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌میره‌كانی داعش له‌ زیندانه‌كانی سوریا كه‌ له‌ ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی سوریای دیموكراتدایه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ له‌ لێدوانێكیدا بۆ به‌غداد ئه‌لیوم ده‌ڵێت: "هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی له‌ سوریا، سه‌رپه‌رشتی چه‌ندین زیندان ده‌كات، كه هه‌زاران تیرۆریست له‌خۆده‌گرێت و سه‌ر به‌ 18 ره‌گه‌زنامه‌ی جیاوازن، له‌وانه‌ ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقی و به‌شی هه‌ره‌ زۆریان له‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ داعش له‌ ناوچه‌ جۆراوجۆره‌كاندا، ده‌ستگیركراون".

ده‌شڵێت: "به‌غدا ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر و له‌رێگه‌ی ئه‌مریكاوه‌، به‌ كرده‌یی ده‌ستیكردووه‌ به‌ جووڵه‌ و گه‌ڕان به‌دوای چاره‌نووسی نزیكه‌ی 200 تیرۆریستی مه‌ترسیداری عێراقی كه‌ دوای ئازادكردنی شاره‌كان، هه‌ڵهاتوون و هه‌ندێكیان فه‌رمانده‌ی دیارن و هه‌ندێكی دیكه‌یان له‌ زنجیره‌یه‌كی درێژی تاوان تێوه‌گلاون كه‌ له‌ شاره‌كانی دیاله‌ و سه‌ڵاحه‌دین و باكوری بابل و كه‌ركوك و ئه‌نبار و نه‌ینه‌وا ئه‌نجامیانداوه‌".

سه‌رچاوه‌كه ئه‌وه‌شی روونكردووه‌ته‌وه‌: "عێراق له‌ رێگه‌ی بوونی داتابه‌یسێكی ورده‌وه‌، به‌ جدیی هه‌وڵده‌دات هه‌مو تواناكانی بخاته‌گه‌ڕ بۆ گه‌یشتن به‌ سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ تۆمه‌تی تیرۆر داواكراون، به‌ تایبه‌ت ئه‌میره‌كانی داعش".

سه‌رچاوه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات: "به‌غدا ده‌یه‌وێت ئه‌وانه‌ دادگایی بكات، هه‌روه‌ها ده‌یه‌وێت شوێنی گۆڕه‌ نهێنییه‌كانی قوربانیانی ده‌ستی داعش بزانێت، چونكه‌ ماوه‌ی ده‌ ساڵه‌ شار و شارۆچكه‌كان رزگاركراون، به‌ڵام هێشتا چاره‌نووسی ه‌زاران كه‌سی بێسه‌روشوێن به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌".

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، رۆژی دوو شه‌ممه‌ی رابردوو 22ی ته‌مموزی 2024، له‌ زیندانی عه‌لایا له‌ قامیشلۆ، له‌ رێگه‌ی بڕیاری لێبوردنی گشتی، 111 زیندانی ئازاد كرد كه‌ به‌ تۆمه‌تی تیرۆر زیندانیكرابوون، جه‌ختیش له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ به‌منزیكانه‌ ئاماده‌كاریی ده‌كات بۆ ئازادكردنی چه‌ند وه‌جبه‌یه‌كی دیكه‌ له‌ زیندانیان و تا كۆتایی ساڵ ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی ئازاد ده‌كرێن، ده‌گاته‌ ‌ هه‌زار و 500  كه‌س.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP