دواین هەواڵ

عێراق‌

 23/07/2024

پەرلەمانی عێراق خوێندنەوە بۆ یاسای لێبووردنی گشتی دەکات

هەرێم نیوز

پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای هەمواری دوەمی یاسای لێبوردنی گشتی ژمارە 27 بۆ ساڵی 2016 دەکات كە لەلایەن لیژنەكانی یاسایی و ئاسایش و بەرگری و مافی مرۆڤەوە پێشكەشكراوەو و لە دو ماددە پێکدێت.

بەگوێرەی كارنامەی دانیشتنی رۆژی چوارشەممەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق, كە فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویكردووەتەوە، پێنجەم تەوەری دانیشتنەكە, تایبەت بە ئەنجامدانی خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی, ژمارە (27) بۆ ساڵی (2016), كە لەلایەن لیژنەكانی یاسایی و ئاسایش و بەرگری و مافی مرۆڤەوە پێشكەشكراوەو, لە دوو مادە پێكدێت.

یاسای لێبوردنی گشتی، یەكێكە لەو یاسایانەی ماوەی چەند ساڵێكە مشتومڕی توندی لەنێوان پێكهاتەی سوننەو شیعە دروستكردووە، سوننەكان هێزە شیعیەكان بە دروستكردنی بەربەست بۆ تێپەڕاندنی یاساكە تۆمەتباردەكەن و دەڵێن ئاستەنگ بۆ ئازادكردنی هەزار زیندانی سوننە دروستدەكەن، كە لەسەروبەندی ئازادكردنی ناوچە سوننیەكان لەدەستی داعش، لەسەربنەمای هەواڵدەری نهێنی دەستگیركراون و لەژێر ئەشكەنجەو فشاردا دانپێدانیان لێوەرگیراوەو سزادراون، لەبەرامبەر شیعەكان تێبینیان هەیە لەسەر یاساكەو، پێیانوایە پەسەندكردنی یاساكە دەبێتە هۆی ئازادكردنی زۆرێك لەوانەی دەستیان هەیە لەڕشتنی خوێنی هاوڵاتیان عێراق.

تێپەڕاندنی یاسای لێبوردنی گشتی، یەكێكە لە خاڵە سەرەكییەكانی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی سودانی، كە لایەنە سوننیەكان لەسەروبەندی پێكهێنانی حكومەتدا لەگەڵ هێزە شیعیەكان واژویان كردووە، بەڵام تائێستا نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP