دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 21/07/2024

دوو وڵاتى دیکەى عەرەب سەرقاڵی بونیادنانى پرۆژەى ئەتۆمن

هەرێم نیوز

سەرەڕاى ئەوەى ئیمارات و میسریش لەبۆنە جیاوازەکاندا هەمیشە باس لە جیهانێکى سەلامەتى دوور لە چەکی ئەتۆمى دەکەن و پێداگریی لەسەر بەکارهێنانى دەکەن لە بوارى ئاشتى و خزمەتگوزاریدا، بەڵام هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن کە هاوکات لەگەڵ وڵاتى میسردا و بەهاوکاریی دامەزراوە ئەتۆمییەکانى روسیا ئیماراتیش بەخشکەیی خەریکى بونیادنادنى پرۆژەیەکی ئەتۆمین، بەگوێرەى سەرچاوەکان ماوەیەکى زۆرە ئەو دوو وڵاتە لەسەر ئاستى ناوخۆیی سەرقاڵی گفتوگۆو تاووتوێی پرۆژەکەن و لە ئێستادا لەگەڵ کۆمپانیا روسییەکان گەشتونەتە ئەنجام و پێدەچێت لە ماوەیەکى نزیکدا بیخەنە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەڵام تا ئێستا هەڵوێستى ئەنجومەنى ئاسایش و نەتەوەیەکگرتووەکان و ئاژانسى وزەى ئەتۆم دیارنیە و نازانرێت چ جۆرە هەڵوێستێک وەردەگرن.

سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن چەکى قەدەغەکراوى میسر مێژوویەکى دوردرێژى هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ 8ـى تەموزی 1964 و جەنگی ئەو وڵاتە لە دژى یەمەن، کە بۆ یەکەمجار چەکى قەدەغەکراوى لەدژیان بەکارهێناوە و لەڕێگەى ناپاڵمێکەوە کە کێشاویەتى بە گوندێکی یەمەندا، ژمارەیەکى لێکوشتوون و ژمارەیەکی دیکەشى بریندارکردووە ، جێگەى ئاماژەشە میسر یەکێکە لەو وڵاتانەى کە تا ئێستاش واژۆی رێککەوتنى ئەتۆمیی و بایۆلۆجییان نەکردووە .
لەگەڵ ئەوەشدا سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن میسر لە ساڵی 1961 ـەوە سەرقاڵی بونیادنانى چەکى ئەتۆمییەو هەر لەسەردەمی جەمال عەبدولناسرەوە بناغەیان بۆ داناوە.

بەگوێرەى زانیارییەکان ئەو وڵاتانەى کە خاوەنى چەکى ئەتۆمن بریتین لەمانەى خوارەوە، ئەمریکا خاوەنى گەورەترین و زۆرترین چەکی ئەتۆمییە و بەدواى ئەودا وڵاتى چین دێت کە ئەو وڵاتە تەنها لە بوارى جەنگی و بابەتى سەربازیدا بەکارى ناهێنێت بەڵکو لە زۆر بوارى دیکەدا سودى لێوەرگرتووە، فەرەنساش بەیەکێک لەو وڵاتانە دێت کە پرۆژەکەى خستوەتە بوارى خزمەتگوزاری گشتى و کارەباى لێبەرهەمدەهێنێت و لەو بوارەدا سودێکى ئابورى گەورەى کردووە، ئەوە سەرەڕاى ئەوەى لە بوارى سەربازیشدا سودى گەورەى لێبینیووە و لە شەستەکانى سەدەى رابوردودا یەکێک لە بۆمبەکانى لە وڵاتى جەزائیر تاقیکردوەتەوە و یەکێکى تر لەو وڵاتانە روسیایە، کە خاوەنى چەندین کارگەى وەبەرهێنانى ئەتۆمییە و لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا سودى لێدەبینێت، ئەوە سەرەڕای وڵاتانى دیکەش کە لەنێویاندا ئیسرائیل و پاکستانیش هەن کە هەردوکیان دووڵاتى ئاینین و ئێرانیش لە ئان و ساتى تەواوبوونى پرۆژەکەیدایە و لە بوارى پیتاندنى یۆرنیۆمدا هەنگاوى گەورەى هاویشتووە.
چەکی ئەتۆمی سەرەڕای ئەوەى هەڕەشەیەکى مەترسیدارە بۆ سەرجەم مرۆڤایەتى لەگەڵ ئەوەشدا چەندین سودى گشتى و مەزنى هەیە، بەڵام هیچ گرەنتییەک لە ئارادا نییە کە تەنها لەوبوارى خزمەتگوزاریدا بەکاربهێنرێت و نەپەڕێتەوە بۆ بوارى سەربازیی، لەوانەش وەبەرهێنانى کارەبا دیارترینیانە و بە وزەیەکی کەم کارەبایەکى زۆر دابیندەکات، لەگەڵ ئەوەشدا تێچووى دامەزراندنەکەى ئێجگار گەورەیە و پێویستى بە ئابورییەکى زەبەلاح هەیە، ئەوە سەرەڕای ئەوەى پاشماوەکانى مەترسیدارن و جگە لە پیسکردنى ژینگە زیانێکى گەورە بە بوارى تەندروستى زیندەوەرەکان دەگەیەنێت و لەنێویاندا مرۆڤ.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP