دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

خاڵە ستراتیژییەکانى وتارەکەى بارزانى لە کەرنەڤاڵی هەولێر

هەرێم نیوز

خاڵە ستراتیژییەکانى وتارەکەى بارزانى لە کەرنەڤاڵی بانگەشەى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان لە هەولێر:

یەکەم: ستراتیژیەتى کارى پەرلەمان لە چوار ساڵی داهاتوودا بریتین لە: 

1- نوسینەوە و پەسەندکردنى دەستورى هەرێمى کوردستان .

2- دەرکردن و هەموارکردنەوەى یاساکان بەتایبەتى ئەوانەى کە پەیوەندییان بە ژیانى هاووڵاتییان و خەڵکی هەرێمى کوردستانەوە هەیە.

دووەم: یەکسختنەوەى هەرێمى کوردستان لە ڕووی: 

1- دواى هەڵبژاردنەکان دەبێت کۆتایی بەو فەوزایە بهێنرێت کە ئێستا لە هەرێمى کوردستان دەگوزەرێت ئەویش لە رێگەى سڕینەوەى شوێنەوارەکانى دوو ئیدارەیی.

2- هەرێمى کوردستان یەکە هەرێمە و بەگژاچوونەوەى ئەوانەى کە خوازیارى پارچە پارچە کردنى کوردستانن.

3- هەڵوەشاندنەوەى ئەو بڕیارانەى کە لە بەغدادەوە دراون بۆ لاوازکردنى قەوارەى هەرێم.

4- خزمەتکردنى زیاتر بە هاووڵاتیانى کوردستان .

5- سوککردنى بارى سەرشانى خەڵکی هەرێمى کوردستان.

سێیەم: ئەمنیەتى کوردستان لەم رێگایانەوە.

1- دابینکردنى ئەمن و ئاسایشى زیاتر بۆ کوردستان.

2- یەکخستنەوەى هێزى پێشمەرگەى کوردستان و دروستکردنى پێشمەرگەى کوردستان.

3- کۆتایی هێنان بە هاوپەیمانى مافیا و تیرۆر.

چوارەم : لەبارەى مادەى هۆشەبەرەوە:

1- کۆتایی هێنان بە بازرگانى بە مادەى هۆشبەر و دروستکردن و چاندنى.

2- مادەى هۆشبەر گەورەترین مەترسییە لەسەر داهاتووى ئەم میللەتە.

3- ئەوەى ئەو کارانە بکات گەورەترین خیانەت بەرامبەر میللەتى کوردى دەکات.

پێنجەم: لەبارەى دروشمى لایەنەکانەوە:

1- بەراورد بە دروشمى پارتى زۆر لاوازن، خۆزگە دروشمەکانیان کێ بەرکێ بوایە لەگەڵ پارتى، لە پێناو تەبایی و پرۆژەى زیاتر.

2- هەندێک لایەن دروشمى لادان و دەرکردنى پارتییان بەرزکردووەتەوە خۆشیان دەزانن کە ناتوانن ئەو کارە بکەن.

3- ئەوەى کە لایەنەکان بە راستگۆیی لە پارتى دەستیان دەکەوێت بە تەحەدا و بە زۆر دەستیان ناکەوێت.

شەشەم: لەبارەى پارتیییەوە: 

1- پارتى ئامرازێکە بۆ خزمەتى کوردستان و حیزبی کردارە نەک گوفتار.

2- هەرکەس کارنەکات هەڵە ناکات، پارتى کار دەکات بۆیە هەڵەش دەکات .

3- دواى تەواو بوونى هەڵبژاردن دەستدرێژدەکەین بۆ لایەنەکانى تر بە مەرجێک دڵسۆزبن بۆ خوێنى شەهیدان و کورد و کوردستان.

4- لایەنەکان بە پارتیشەوە بەخۆیاندا بچنەوە، برایەتى و یەکتر قبوڵکردن پەیڕەو بکەن.

حەوتەم: لە بارەى گۆڕانکارییەکانى ناوچەکە و جەنگی ئیسرائیل  و ئەوانى ترەوە:

1- لەگەڵ برادەرانی بەغداد سەرقاڵی ئەوەین عێراق و هەرێمى کوردستان نەکەوێتە سنوورى ئەو جەنگەى لەناوچەکە هەڵگیرساوە.

هەشتەم: پەیوەندییەکانى پارتى لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان:

1- لەگەڵ حیزبە سنوونى و شیعەکان پەیوەندى باشمان هەیە.

2- لەگەڵ حکومەتى عێراق بەردەوام لە دانوستانداین بەڵام سازش لەسەر مافەکانى کورد ناکەین.

نۆیەم: لەبارەى خانەوادەى شەهیدانەوە:

1- دابەشکردنى خانوو بەسەر شەهیدانى دەستى داعش دا بە بێ ئەوەى لە حیزبەکانیان بپرسرێتەوە.

2- رێبازی بارزانى ئەوەیە خزمەتى بنەماڵەى شەهیدان بکرێت .

3- ئەرکی حکومەت و رێکخراوە خێرخوازییەکانە کە بەدەم داواى بنەماڵەى شەهیدانەوە بچن.

دەیەم: راسپاردەکانى  بارزانى: 

1- کادران وبەرپرسانى پارتى خۆیان سەرقاڵ نەکەن بە وەڵامدانەوەى قسەى سوک و هەڵوێستى سووک.

2- تەرکیز بکەنە سەر پاراستنى هەرێمى کوردستان و پاراستنى دیموکراسیەت.

3- بونیادنانى ژێرخانێکى ئابووری بەهێز بۆ هەرێمى کوردستان.

4- خزمەتگوزاریی زیاتر بە خەڵکی کوردستان.

5- گرنگیدانى زۆر بە کەرتى پەروەردە و تەندروستى بدریت.

بارزانى  وەک  مەرجەعى هەمووان قسەى کرد

لە وتارەکەى  بارزانیدا کە لەبەردەم هەزاران هەواداری پارتیدا لە یاریگاى فرانسۆ هەریری لە هەولێر پێشەکەشى کردو لە رێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتى و میدیاکانەوە سەدان هەزار راستەوخۆ سەیریان دەکرد،" بە گیانێکى دوور لە دەمارگیریی و بەرپرسانەوە دەرکەوت، ئەو لە وتارەکەیدا لە پارتى گەورەتر و لە ئاستى کوردستان و بگرە عێراقیش دا قسەکانى کرد، ئەو کۆمەڵە خاڵێکی گرنگى ئاماژە پێدا کە دەکرێت بگوترێت ئەوانە قسەى مەرجەعێکى بێلایەن بوو، تەنانەت توانى تەجاوزی پارتیش بکات و دەست بخاتە سەر خاڵە گرنگەکان لە هەموو بوارێکەوە: 

لەکاتێکدا خەڵکی کوردستان گلەیی ئەوە دەکەن کە دەستوورى نییە تا ئێستا ئەو گوتى پەرلەمان ئەرکی قورسی لە پێشەو دەبێت لە پەرلەمانى داهاتوودا دەستوور بنوسرێتەوە، ئەو بە شێوەیەکى گشتگیرانە رەخنەى لە دۆخی ئێستاى هەرێمی کوردستان گرت و گوتى پێویستە ئەو فەوزایەى کە هەیە کۆتایی بێت لە ناوخۆدا و هەمووان پێکەوە خزمەتى زیاترى خەڵکی کوردستان بکەن، لە لایەکی تریشەوە بەگژى ئەو بڕیارانەدا بچنەوە کە لە دژى هەرێمى کوردستان و بۆ لاوازکردنى قەوارەى هەرێم دەرکراون و هەڵیان بوەشێننەوە.

لەبەشێکی دیکەى گوتارەکەیدا رایگەیاند: ئەمنیەتى کوردستان لەپێش هەموو شتێکەوەیە و دەبێت هێزی پێشمەرگەى کوردستان یەکبخرێت و کۆتایی لە هاپەیمانى مافیا بهێنریێت و لە دژى تیرۆر بوەستینەوە. ئەو لەبارەى مادەى هۆشبەرەوە کە ئێستا هەڕەشە لە خەڵکی عێراق دەکات بەگشتى گوتى مادەى هۆشبەر گەورەترین مەترسییە لەسەر هەرێمى کوردستان پێویستە کۆتایی بە بازرگانى مادەى هۆشبەر بهێنرێت و رێگریی بکرێت لە دروستکردن و چاندنی لە کوردستان.

بارزانى نەکەوتە ژێر کاریگەریی دروشمەکانى هەڵبژاردن و ئاواتى ئەوەى خواست خۆزگە دروشمی لایەنەکان پیشبڕکیی خزمەت و پرۆژەیان بکردایە، لەگەڵ ئەوەشدا رایگەیاند دواى هەڵبژاردنیش پارتى دەستدرێژ دەکات بۆ هەموو لایەنەکان تا خزمەتى گەلى کوردستان بکەن پێکەوە و تەنها یەک مەرجیشى هەیە ئەویش دڵسۆزیی بۆ خوێنى شەهیدان و کورد و کورستانە، لەو بوارەشدا ئاماژەى بەوەکرد کە رێکخراوى خێرخوازیی بارزانی خانووى بەسەر شەهیدانى کوردستاندا دابەشکردووە بە بێ ئەوەى بپرسێت شەهیدى چی لایەنێکە و گوتى ئەوە رێگەى بارزانى نەمرە.

لەگوتارەکەیدا ئاماژەى بە دۆخی پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان کرد لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و گوتى پەیوەندیی باشمان لەگەڵ شیعەو سوونەکان هەیە و تادێت تێگەشتنمان لەگەڵ حکومەتى ناوەند بەرەو باشتر دەڕوات، لەبارەى ئەو کێشەو گرفت و جەنگەشەوە کە ناوچەکەى گرتووەتەوە سەرۆک بارزانى رایگەیاند لە گەڵ حکومەت و لایەنە عێراقییەکان بەردەوام کاردەکەن بۆ ئەوەى ئەو جەنگە نەگاتە عێراق و هەرێمى کوردستان.

 بارزانی لە کۆتایی گوتارەکەیدا توانى وەک سەرۆکێک خواستەکانى خۆی دوور لە هەڵچوون و تاى هەڵبژاردن و بەرپرسیارانە چەند خاڵێک بخاتە روو کە ئەوانیش بریتى بوون لە مانەى خوارەوە:

1- کادران وبەرپرسانى پارتى خۆیان سەرقاڵ نەکەن بە وەڵامدانەوەى قسەى سوک و هەڵوێستى سووک.
2- تەرکیز بکەنە سەر پاراستنى هەرێمى کوردستان و پاراستنى دیموکراسیەت.
3- بونیادنانى ژێرخانێکى ئابووری بەهێز بۆ هەرێمى کوردستان.
4- خزمەتگوزاریی زیاتر بە خەڵکی کوردستان.
5- گرنگیدانى زۆر بە کەرتى پەروەردە و تەندروستى بدریت. 


 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP