دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 16/07/2024

ئەو ھۆکارانە چین کە ڕێگرن لە دووگیانی ؟

دکتۆرە نوخشە محمد ڕەفیق - پزیشکی پسپۆری نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی ئافرەتان و مناڵبوون و نەزۆکی و چاودێری دووگیانی .

سەرەتا مناڵنەبوون نەخۆشییەکە لە کۆئەندامی زاوزێی ژنان کە پێناسە دەکرێت بە نەگەیشتن بە دووگیانی دوای ١٢ مانگ یان زیاتر لە جووتبوونی ڕێکوپێک بێ ڕێگریکردن .
لێرەدا باسی ئەو ھۆکارانە دەکەین کە ڕێگرن لە دووگیانی :

تێکچوونی ھێلکەدان : ئەم حاڵەتانە کاریگەرییان لەسەر دەردانی ھێلکە لە ھێلکەدانەوە ھەیە ، ئەوانیش بریتین لە کێشەی ھۆڕمۆنەکان وەکو نەخۆشی فرەکیسی ھێلکەدان ھەروەھا بەرزی ھۆڕمۆنی پڕۆلاکتین کە پێویستە بۆ دروستکردنی شیری دایک یان زیادبوون لە ھۆڕمۆنی غودەی دەرەقی یان کەمبوونی ، کە ئەمانە کارییگەرییان لەسەر سوڕی مانگانە دەبێت و دەبنە ھۆی نەزۆکی.

بارودۆخی منداڵدان ( ڕەحم ) : ئەستوربوونی ناوپۆشی مناڵدان یان کێشە لە ملی مناڵدان ھەروەھا وەرەمەکانی دیواری مناڵدان کە پێی دەوترێت ڕیشاڵی مناڵدان ڕەنگە ببنە ھۆی نەزۆکی، ڕیشاڵەکان دەتوانن بۆرییەکانی فالوپ بگرن کە شوێنی یەکگرتنی ھێلکە و سپێرمە ھەروەھا دەتوانن ھێلکەیەکی پیتێنراو بوەستێنن لە لکاندن بە مناڵدانەوە.

تێکچوونی بۆرییەکانی فالوپ یان گیرانی : زۆرجار ئەم کێشان بە ھۆی ئاوسانی بۆری فالوپەوە دروست دەبن ، ئەم ئاوسانە دەکرێت بە ھۆی ھەوکردنی ئەندامی زاوزێی مێینە کە پێی دەوترێت نەخۆشی ھەوکردنی حەوز.
کەمی ھێلکەدانی سەرەتایی : کاتێک ڕوودەدات کە ھێلکەدانەکان وەک پێویست کارەکانیان ڕابگرن وە سوڕی مانگانە پێش تەمەنی ٤٠ ساڵی کۆتایی دێت ، زۆرجار ھۆکارەکەی نادیارە بەڵام لەوانەیە بە ھۆی نەخۆشییەکانی سیستمی بەرگری بێت یان چارەسەری تیشک و کیمیایی .

لە چ کاتێکدا پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت ؟

لە تەمەنی ٣٥ ساڵی یان زیاتر کە بۆ ماوەی زیاتر لە ٦ مانگ ھەوڵی دووگیان بوون بدرێت .
لە سەروو تەمەنی ٤٠ ساڵی .
ناڕێکی سوڕی مانگانە یان وەستانی سوڕی مانگانە یان ئازاری زۆر لە کاتی سوڕی مانگانە .
ھەبوونی یەک لەبارچوون یان زیاتر .
لە کاتی بوونی نەخۆشی ئەستوربوونی ڕەحم یان ھەوکردن لە ناوچەی حەوز .

بە ھیوای تەندرووستییەکی باش



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP